وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوا دەکات سنوورێک بۆ "کارەساتی" ‌غەززە دابنرێت

19-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، "کارەساتێکی مرۆیی راستەقینە" لە غەززە روودەدات و دەڵێت، دەبێت "سنوورێکی بۆ دابنێین."
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە عەمانی پایتەختی ئوردن رایگەیاند، وڵاتەکەی هاوکارییەکانی بۆ گەلی فەلەستین چڕدەکاتەوە و 50 ملیۆن یۆرۆ دەبەخشێتە رێکخراوە مرۆییەکانی ئەو وڵاتە. 
 
بێربۆک بۆردوومانەکان و ئابڵووقەی سەر غەززەی بە "کارەسات" ناوبرد و گوتی، "دەبێت سنوورێکی بۆ دابنێین." گوتیشی کە تاکە چارەسەر بۆ قەیرانی ئیسرائیل - فەلەستین، چارەسەری دوو دەوڵەتە. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد. 
 
لەو کاتەوەش، حکومەتی ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتیی خستووەتە سەر کەرتی غەززە و بەردەوام بۆردوومانی کەرتەکە دەکات. دوایین جار هێرشەکەی شەوی 17ـی تشرینی یەکەم بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە رۆژهەڵاتی غەززە بوو کە ئیسرائیل رەتی کردەوە ئەنجامیدابێت. ئەو هێرشە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 500 کەس، ژمارەی قوربانییانی شەڕەکەی بەرزتر کردەوە و رووداوەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
 
ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە، 19-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، دواین ئامارەکانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە کە بەپێی ئامارەکە ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سێ هەزار و 785 کەس زیادیان کردووە، لەنێویاندا هەزار و 524یان منداڵ و هەزاریان ئافرەتن و 120 کەسیان بەتەمەنن، جگە لەوەش 12 هەزار و 493 کەسی دیکەش برینداربوون سێ هەزار و 983یان منداڵ و سێ هەزار و 300 کەسیان ئافرەتن.
 
وەزارەتەکە روونیشیکردووەتەوە: "بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 44 کەس لە تیمە پزیشکییەکان کوژراون و 70شیان برینداربوون، 23 ئەمبوڵانیش کراونەتە ئامانج و لەکارخراون."

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە