وەزیری دەرەوەی ئێران: دۆخەکە مەترسیدارە و ئەمریکا ئاگاداری هێرشەکان بووە

21-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئیستەنبووڵەوە باسی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند: "مافی خۆمانە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بەرگریی لە خۆمان بکەین." گوتیشی، هێرشەکانی ئیسرائیل "دەرگەی چارەسەریی دیپلۆماسی داخست."
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەرفەتدان بە دیپلۆماسی بە گرنگ ناوبرد و باسی لەوەکرد: "ئەو دۆخەی ئێستا هاتووەتە پێشەوە، مەترسیدارە."
 
بە گوتەی عەباس عێراقچی، "ئەوەی دەکرێت [بەرامبەر ئێران] کارێکی دووژمنکارانەیە و ئەمریکا لە سەرەتاوە ئاگاداری بووە. ئەوان دەڵێن، ئاگادارنەبووین، بەڵام کۆمەڵێک ئاماژەی زۆر هەن کە ئاگاداربوون."
 
وەزیرە ئێرانییەکە باسی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی 2015ـی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە رابردوودا "دیپلۆماسی سەرکەوتوو بووە و ئێستاش دیپلۆماسی سەرکەوتوو دەبێت."
 
رۆژی هەینی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێڤ بوو و لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە بە تەنیا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ راگەیاند، بەڵام مەرجێکی روونی دانا کە بریتییە لە راگرتنی هێرشەکان. هاوکات جەختیشی کردەوە کە "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ئاشتیانەیە."
 
عێراقچی، ئیسرائیلی بە "پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "ئێران بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خۆی لە دژی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل."
 
کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەورووپا و بەریتانیا و ئێران لە کاتێکدایە، ئیسرائیل و ئێران نزیکەی دوو هەفتەیە جەنگیان هەڵگیرساندووە دژ بە یەکدی و رۆژانە چەندین جار بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکی بالیستی هێرشدەکەنە سەر یەکدی. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە