وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: ئەرکی جیهانە رێگری لە ئێران بکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

27-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێ، ئەرکی جیهانە رێگری لە ئێران بکات بۆ گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی، ئەوەش چەند رۆژێک دوای ئەوە هات ئیسرائیل رایگەیاند، لە جەنگێکی 12 رۆژیدا "پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێرانی پووچەڵکردووەتەوە".
 
رۆژی هەینی 27-06-2025 جەدعون ساعر لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئیسرائیل لە دوا ساتدا دژی هەڕەشەیەکی نزیک بۆ سەر خۆی، ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جووڵەی کرد. ئێستا ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە بە هەر رێگەیەکی کاریگەر رێگری بکات لەوەی تووندڕۆترین" دەسەڵاتی جیهان ببێتە خاوەنی مەترسیدارترین چەک.
 
ئیسرائیل و ئێران، هەریەکەیان بانگەشەی سەرکەوتن دەکەن لەو جەنگەی لە 24ـی حوزەیران بە ئاگربەست کۆتایی هات.
 
جەنگەکە لە 13ـی حوزەیران دەستیپێکرد، کاتێک ئیسرائیل هەڵمەتێکی بۆردوومانی دەستپێکرد کە رایگەیاند ئامانج لێی راگرتنی ئێرانە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی؛ ئەو ئامانجەی کە ئێران بەردەوام رەتیدەکاتەوە کاری بۆ کردبێ.
 
دوای زنجیرە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە ئەتۆمی و سەربازییەکان، ئەمریکا سێ دامەزراوەی سەرەکیی بۆردوومان کرد و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێداگری کرد کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان "چەندین دەیە" دواخستووە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا بۆ گەلەکەی دوای ئاگربەستەکە، رایگەیاند: "ئێمە پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێرانمان هەڵوەشاندەوە."
 
بەڵام هیچ کۆدەنگییەک لەسەر ئەوە نییە کە هێرشەکان چەندە کاریگەر بوون.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی داواکارییەکی رافایێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ سەردانکردنی دامەزراوە بۆردوومانکراوەکان رەتکردەوە و رایگەیاند کە "مەبەستێکی خراپکارانە"ی لەپشتە.
 
ئەم لێدوانەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات کە پەرلەمان پڕۆژەیاسایەکی بۆ هەڵپەساردنی هاریکاری لەگەڵ ئاژانسەکە پەسند کرد.
 
دوای ئەو هەنگاوە، ساعر لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند، ئێران "بەردەوامە لە چەواشەکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە شێوەیەکی چالاک کار بۆ رێگریکردن لە چاودێریی کاریگەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە