سوپای پاسداران: هەنییە لەڕێگەی سیگناڵی مۆبایلەوە شوێنەکەی زانراوە و کراوەتە ئامانج

03-11-2025
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس مۆبایل و تابڵێتی هەبووە و لە رێگەی سیگناڵی مۆبایلەکەیەوە شوێنەکەی زانراوە و کراوەتە ئامانج.

عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسداران لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی چۆنیەتیی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کرد.
 
گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، "ئیسماعیل هەنییە خۆی بە کەسایەتییەکی سیاسی دەزانی نەک سەربازی. مۆبایل و تابلێتێکی هەبوو، بە بەکارهێنانی سیگناڵەکان دەکرا شوێنەکەی بزانرێت."
 
بە گوتەی عەلی محەممەد نائینی، سوپای پاسداران لە هەمان ئەو شەوەی کە هەنییە تێیدا کوژرا، لەبارەی بەکارهێنانی مۆبایلەوە هۆشداری پێی دابوو.
 
عەلی محەممەد نائینی گوتی: "مووشەکەکە کە لە دوورەوە هەڵدرابوو، بە بەکارهێنانی سیگناڵی مۆبایلەکەی لە پەنجەرەی باڵەخانەکەوە چووبووە ژوورەوە و رێک لەو شوێنەی مۆبایلی بەدەستەوە بووە، ئامانجەکەی پێکاوە."
 
ئاماژە بە شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تارانیش دەکات و دەڵێت، شوێنی مانەوەی لە کۆشکی سەعدئابادی تاران و لە میوانخانەی سوپای قودس بوو.
 
گوتەبێژی سوپای پاسداران رەتیکردەوە کوژرانی هەنییە پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە هەبێت و گوتی: "ئەو تۆمەتەی دەڵێن، رووداوەکە دەستی تێکدەری ناوخۆیی تێیدا بووە راست نییە. لێکۆڵینەوەیەکی 48 کاژێری لەلایەن تیمێکی تایبەتمەندەوە دەریخست مووشەکەکە لە مەودایەکی دیاریکراوەوە ‌هەڵدراوە بۆ نێو باڵەخانەکە و ئامانجەکەی پێکاوە."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەبوونی دەستی تێکدەری ناوخۆیی لە ئێران بۆ کوژرانی هەنییە، لێدان بووە لە پێگەی سوپای پاسداران و بە تایبەت فەیلەقی قودسی سەر بەو هێزە، هەروەها بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی ئێران بووە.
 
لە 31-07-2024، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە تاران بوو، لە هێرشێکدا کوژرا. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.