لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئینتەرنێت نییە یان لاوازە

05-01-2026
ئارمان ئەیووب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی فراوانبوونی خۆپێشاندانەکانەوە، ئینتەرنێت لە بەشێکی زۆری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پچڕاوە یان زۆر لاواز کراوە. وەزیری پەیوەندییەکانی ئێرانیش دان بەوەدا دەنێت کە "بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە" ئینتەرنێتیان سنووردار کردووە. رێکخراوێکی مافی مرۆڤیش دەڵێت، نزیکەی هەزار کەس دەستبەسەر کراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، چەند هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێن و کاری بازرگانی دەکەن، بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، چەندین جار هەوڵیانداوە پەیوەندی بە نێوخۆی ئێرانەوە بکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێت نەیانتوانیوە و کارەکانیان پەکیکەوتووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی (هێرانا)، لە ماوەی هەشت رۆژی رابردوودا لە 222 شوێن، لە 78 شار و 26 پارێزگای ئێران خۆپێشاندان بەڕێوەچووە."
 
هێرانا ئاشکراشی کردووە، لەو 8 رۆژەدا "لانیکەم 19 خۆپێشاندەر کوژراون و 990 هاووڵاتی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون."
 
ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییە گشتییەکانی ئێران رۆژی 4-1-2026، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی پچڕان و لاوازیی ئینتەرنێت، بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند: "داخران یان فیلتەرکردنی ئینتەرنێت، پەیوەستە بە دۆخی نێوخۆیی وڵات، رێکارە ئەمنییەتییەکان و پاراستنی گیان هاووڵاتییانەوە."
 
بەپێی زانیاریی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو ناوچانەی خۆپێشاندان تێیدا بەهێزە، بەتایبەت پارێزگاکانی (لوڕستان، ئیلام و کرماشان) لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئینتەرنێت بە شەو و رۆژ بەتەواوی دەبڕدرێت و لە ناوچەکانی دیکەش زۆر لاواز کراوە.
 
کەیوان دروودی، چالاکڤانی سیاسی لەبارەی هۆکاری بڕینی ئینتەرنێتەوە بە رووداوی گوت: "حکومەتی ئێران بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ و گەیشتنی زانیارییەکانی نێوخۆی ئێران بە دەرەوە، ئینتەرنێت لاواز دەکات یان دەیدەخات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە