ئێران لەژێر سێبەری بڕانی ئینتەرنێتدا؛ 'گرژییەکان قووڵتر بوونەتەوە'

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 13 رۆژ لە خۆپێشاندانی بەردەوام، کە زیاتر لە 100 شاری ئێرانی گرتووەتەوە، بە گوتەی بەرپرسانی وڵاتەکە گرژییەکان قووڵتر بوونەتەوە. لە کاتێکدا ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێران بڕاوە، رێبەری وڵاتەکە هۆشداریی تووند دەدات و دەڵێت، "لە بەرامبەر تێکدەراندا نەرمی نانوێنین."
 
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی خۆپێشاندانەکان، لە شەوی پێنجشەممە 08-01-2026ـەوە، خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان لە ئێران زیاتر پەرەیان سەندووە، لە هەندێک شاردا هێزە ئەمنییەکان و خەڵک رووبەڕووبووی یەکدی بوونەوە.
 
بڕانی ئینتەرنێت و دابڕانی ئێران لە جیهان
 
رێکخراوی نێتبڵۆکس، کە چاودێریی تۆڕی ئینتەرنێت لە جیهاندا دەکات، پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە دوێنێ شەوەوە ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێران بە تەواوی بڕاوە، بەڵام لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە، ناوە ناوە ڤیدیۆی تایبەت بە خۆپێشاندانەکان بڵاودەکرێنەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، نەوەک هەر دەستگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو ماڵپەڕە ناوخۆییەکانی ئێرانیش لە دەرەوەی وڵاتەکە ناکرێنەوە. بڕانی ئینتەرنێت لە ئێران دوای ئەوە هات کە دوێنێ شەو لە چەندین شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکێکی زۆر رژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی بەرفراوانیان دەربڕی.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران ئەمڕۆ لە دووەم کاردانەوەیدا بەرامبەر شەپۆلی نوێی ناڕەزاییەکان، هۆشداریی دا و خۆپێشاندەرانی بە ''بەکرێگیراوی بیانی'' ناوبرد، دەڵێت، "کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر تێکدەراندا نەرمی نانوێنێت.''
 
خامنەیی ئاماژەی بە سووتاندنی شوێنە گشتییەکان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە کرد و گوتی، "کۆمەڵێک تێکدەر باڵەخانەکانی خۆیان تێکدا، تەنیا بۆئەوەی دڵی سەرۆکی ئەمریکا خۆش بکەن."
 
رێبەری ئێران، دۆناڵد ترەمپی بە یەکێک لە "خۆبەزلزانانی جیهان" ناوبرد و رایگەیاند، ''دەستی بە خوێنی هەزاران ئێرانی سوورە و وەکو ستەمکارانی پێشوو [دەسەڵاتی] ئەویش دەڕووخێت.''
 
قسەکانی عەلی خامنەیی لە کاتێکدان، تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ چەندین جار وەکو پاڵپشتی لە خۆپێشاندەران، هەڕەشەی تووندی لە بەرپرسانی ئێرانی کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر دەست بە کوشتنی خەڵک بکەن، ئەوا "زۆر بە تووندی لێیان دەدەین.''
 
عەلی خامنەیی جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە، پێویستە جیاوازی لەنێوان "خۆپێشاندەری ناڕازی" و "ئاژاوەگێڕ" دابنرێت، ''بەرپرسان دەبێت لەگەڵ ناڕازییەکان قسە بکەن، بەڵام پێویستە رووبەڕووی ئاژاوەگێڕان ببنەوە.''
 
زاهیدان؛ بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ دژی نوێژخوێنان
 
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆکان، ئەمڕۆ لەکاتی نوێژی هەینیدا، جارێکی دیکە شەقامەکانی دەوروبەری مزگەوتی مەکیی شاری زاهیدانی سیستان و بەلووچستان، بووە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنیییەکان.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران رایانگەیاندووە دوای تەواوبوونی نوێژی هەینی، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی بەلووچ رژاونەتە سەر شەقامەکان ناڕەزاییان دەربڕیوە و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنیان، تەقەیان کردووە و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە. بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن بەرپرسانی حکومییەوە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ژمارەی برینداران بڵاونەکراوەتەوە.
 
هاوکات رەزا بەراتیزادە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای خوڕاسانی باکوور رایگەیاند، دوێنێ شەو لە شاری ئەسفەرایەنی سەر بە پارێزگاکە، عەلی ئەکبەر حوسێنزادە، داواکاری گشتیی شارەکە و چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن "ئاژاوەگێڕان" ئاگریان لەو شوێنە بەرداوە کە داواکاری گشتی لێ بووە.
 
هێزێکی زۆری ئەمنی لەنێو شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوەیان پێکراوە. ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران راگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێێدا جەخت لەوە دەکاتەوە، خۆپێشاندانە ناڕەزاییەکان بە پلانی ''ئیسرائیل و ئەمریکا'' بەرەو نائارامی براون و هێزە ئەمنییەکان بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پلانانە لەسەر شەقام دەمێننەوە.
 
سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان
 
ئەم شەپۆلە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە دەستیپێکرد، بەڵام بۆ زیاتر لە 100 شار لە سەرجەم 31 پارێزگاکەی ئێران تەشەنەی سەند.
 
هاوکات رۆژی پێنجشەممە، 8ی کانوونی دووەم، مانگرتنی گشتی لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و بازاڕەکان داخران.
 
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تاوەکو ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، لانیکەم 45 خۆپێشاندەر کوژراون، ئەوە لەکاتێکدایە حکومەت کوژرانی 21 کەسی پشتڕاست کردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی سووتانی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لە شارێکی ئێران لەکاتی خۆپێشانداندا

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ هێزە ئەمنییەکان: هیچ نەرمییەک بەرامبەر خۆپێشاندەران مەنوێنن

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران خۆپێشاندانەکانی وڵاتەکەی بە "پلانی ئیسرائیل و ئەمریکا" ناودەبات، داوا لە هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی داد دەکات، "هیچ نەرمییەک" بەرامبەر خۆپێشاندەران نەنوێنن