رووداو دیجیتاڵ
لەدوای نوێژی هەینی لە شاری زاهیدان خۆپێشاندان دەستیپێکردەوە و تێیدا ژنانی بەلووچ بە حیجابەوە شانبەشانی پیاوان بەشدار بوون. هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.
ئەمڕۆ هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026 چەند گرتەڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، تێیدا دەردەکەوێت دوای تەواوبوونی نوێژی هەینی لەبەردەم مزگەوتی "مەکی" لە شاری زاهیدان، خەڵک خۆپێشاندان دەکەن و درووشمی ناڕەزایی دەڵێنەوە.
لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕووی خەڵکی ناڕازی دەبنەوە. ئەوەی لە خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆی زاهیداندا دەرکەوتووە، بەشداریکردنی ژنانی بەلووچە، کە بە جلوبەرگی خۆیانەوە لە بەشێکی دیکەی شەقامەکەوە بە جیا شانبەشانی پیاوان درووشم دەڵێنەوە.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ هەینی لە گوتارێکدا خۆپێشاندەرانی بە "بەکرێگیراوی بیانییەکان" ناوبرد و گوتی، "هەر کەسێک ببێتە بەکرێگیراوی بیانییەکان، لەلایەن خەڵک و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رەتدەکرێتەوە."
رێبەری ئێران هەڕەشەی کرد و گوتی، "کۆماری ئیسلامی بە خوێنی سەدان هەزار مرۆڤ هاتووەتە سەر دەسەڵات و لە بەرامبەر کەسانی تێکدەردا نەرمی نانوێنین."
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی نێت بلۆکس (NetBlocks)، لە شەوی رابردووەوە ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێران پچڕاوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە حکومەت دەیهەوێت بە بڕینی ئینتەرنێت سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بشارێتەوە و دەنگی ناڕازییان کپ بکات.
ئەمڕۆ 13ـەیەمین رۆژی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێرانە کە بەهۆی گرانی و دۆخی خراپی بژێوییەوە دەستیپێکردووە.
بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ لانیکەم 45 خۆپێشاندەر کوژراون کە هەشتیان مێردمنداڵن، هەروەها زیاتر لە دوو هەزار کەسیش دەستگیرکراون. بە تەنیا لە رۆژی چوارشەممەدا 13 کەس کوژراون. لای خۆیەوە میدیای فەرمیی ئێران دان بە کوژرانی 21 کەسدا دەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ