رووداو دیجیتاڵ
رێبەری ئێران خۆپێشاندەران بە "تێکدەر و بەکرێگیراوی بیانییەکان" ناو دەبات و دەڵێت، ''کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خوێنی سەتان هەزار مرۆڤ هاتووەتە سەر دەسەڵات و لە بەرامبەر کەسانی تێکدەردا نەرمی نانوێنین.''
ئەمڕۆ هەینی 09-01-2026، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی وڵاتەکەی رایگەیاند، وڵاتان و بەتایبەتی ئەمریکا دەستیان لە نائارامییەکاندا هەیە و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ئێران دەدەن.
عەلی خامنەیی ئاماژەی بە پەیامەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ پاڵپشتیی خۆپێشاندەران و گوتی، ''لەکاتێکدا دەستی بە خوێنی هاووڵاتییانی ئێمە سوورە، دەڵێت لایەنگری خۆپێشاندەرانە. ژمارەیەک خەڵکی کەم ئەزموونیش کە ئاگادار نین، متمانەی پێدەکەن و بە ویستی ئەو هەڵسوکەوت دەکەن.''
ناڕەزایەتییەکان کە بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن و قەیرانی ئابوورییەوە سەریانهەڵداوە، بەشێکی زۆری وڵاتەکەی گرتووەتەوە و گرژی تێکەوتووە. رێبەری ئێران هۆشداری دەدات، ''هەموو بزانن، کۆماری ئیسلامی بە خوێنی سەتان هەزار مرۆڤی بەڕێز هاتووەتە سەر دەسەڵات، بۆیە لە بەرامبەر کەسانی تێکدەر سازش ناکات و نەرمی نانوێنێت.''
عەلی خامنەیی خۆپێشاندەران بە ''بەکرێگیراوانی بیانییەکان'' ناو دەبات و دەڵێت، ''هەر کەسێک ببێتە بەکرێگیراوی بیانییەکان، لەلایەن خەڵک و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رەتدەکرێتەوە.''
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەک پاڵپشتییەک بۆ خۆپێشاندەران، چەندین جار هۆشداری داوەتە دەسەڵاتدارانی ئێران و رایگەیاندووە، ئەگەر دەست بە کوشتنی خەڵک بکەن، ئەوا "زۆر بە تووندی لێیان دەدەین.'' رێبەری ئێران رووی زاری کردە ترەمپ و گوتی، ''[دەسەڵاتی] سەرجەم ستەمکارانی جیهان لەکاتێکدا کە لەوپەڕی هێزدا بوون، رووخان. بۆیە [دەسەڵاتی] ئەویش دەڕووخێت.''
28ی کانوونی یەکەمی 2025 ناڕەزاییەکان لە ئێران بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 27 پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە. هاوکات رۆژی پێنجشەممە، 8ی کانوونی دووەم، مانگرتنی گشتی لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و دووکان و بازاڕەکان داخران.
لەگەڵ قووڵبوونەوەی گرژییەکان لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا، لە دوێنێ شەوێوە رێکخراوەکانی چاودێریی تۆڕی ئینتەرنێت لەوانەش نێتبلۆکس، پچڕانی سەرانسەریی ئینتەرنێتیان لە ئێران پشتڕاست کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ