رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، داوای لێپێچینەوە لە ئەمریکا دەکات و تۆمەتباری دەکات بە "بێکرداری و هاودەستی". لە وەڵامدا، رافایێل گرۆسی رایگەیاند، هەوڵ بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی حاکمان دەدات.
محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، داوای کردووە لێپێچینەوە لە کردەوە "پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان"ی ئەمریکا بکرێت لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
لە نامەکەدا ئیسلامی ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان دەربڕیوە و رایگەیاندووە، "ئەمریکا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، دەبوو پابەندی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت."
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، ئەم هێرشانەی بە "پێشێلکارییەکی زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)" ناوبردووە کە نەک تەنیا هێرشکردن، بەڵکو هەڕەشەی هێرشکردنیش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان قەدەغە دەکات.
لە نامەکەیدا ئیسلامی داوای لە گرۆسی کردووە "کۆتایی بە بێکردارییەکان بهێنێت و بەپێی ئەرکە بنەڕەتییەکانی، ئەم دەستدرێژییانە شەرمەزار بکات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر."
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران هۆشداری داوەتە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە و دەڵێت، "کۆماری ئیسلامیی ئێران رێوشوێنی پێویست بۆ بەرگریکردن لە مافە سەروەرییەکانی خۆی دەگرێتەبەر و بەدواداچوونی یاسایی پێویست دەکات، بەتایبەتی لەبارەی بێکردارییەکەتەوە کە هاودەستە لەگەڵ ئەم تاوانە بێشەرمانەیە."
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێران، بەدوای سازکردنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی حاکمانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمم بۆ سبەی."
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە 2025-06-21، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش، سکاڵای لەسەر رافایێل گرۆسی تۆمار کردبوو بەهۆی "هەڵوێستی" بەرامبەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ئیرەوانی لە نامەکەیدا گوتی: "لێدوانەکانی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس، رافایێل ماریانۆ گرۆسی، لە بەرامبەر کردەوەی دەستدرێژیکارانەی ئەم دواییەی رژێمی ئیسرائیل، پێشێلکارییەکی ئاشکرا و جیدیی بنەمای بێلایەنییە."
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە کاتێک گرۆسی رووبەڕووی هەڕەشە ئاشکراکانی ئیسرائیل بووەوە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، "تەنیا ئاماژەی بە 'نیگەرانییەکانی' ئیسرائیل کرد"، نەک سەرکۆنەی هەڕەشەکان بکات.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێی ناوەتە رۆژی دەیەمەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 2026-06-22 ئەمریکاش هاتە ناو جەنگەکە، کاژێر دەوروبەری 02:50 خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران و وێرانیان کردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ