رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە وەزارەتی رێگەوبان و شارسازیی ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل زیانیان بە دەیان باڵەخانە و سەتان شوقە لە تاران گەیاندووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پاکێجێک بۆ نۆژەنکردنەوەیان ئامادەکراوە و دەدرێتە حکومەت.
غولامڕەزا ساڵحی، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتەجێکردن لە وەزارەتی رێگەوبان و شارسازیی ئێران ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: "332 باڵەخانە و نزیکەی 3 هەزار و 500 شوقە لە تاران" لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل زیانیان بەرکەوتووە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی رێگەوبان و شارسازیی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، پاکێجێکی دارایی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو باڵەخانە و شوقانە ئامادە کراوە و رادەستی حکومەت کراوە.
غولامڕەزا ساڵحی گوتی، هەر کاتێك ئەو پاکێجە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا پەسندکرا، ئیدی وردەکارییەکەی بۆ خەڵک رادەگەیێنن.
ئەو بەرپرسە هەروەها گوتی: "بۆ ئەو خێزان و خاوەن موڵکانەی کە یەکەکانیان پێویستی بە دروستکردنەوەیە، پاکێجی هاوکاریی وەک قەرز و کرێ بۆ تەرخان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەی دروستکردنەوەی شوێنەکانیدان لە یەکە و خانووی دیکەدا نیشتەجێ ببن."
بەرەبەیانی رۆژی 13ی مانگ ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و ئامانجێکی سەرەکی هێرشەکەیشی تاران بوو.
کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەر زوو بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە. جەنگی نێوان هەردوو وڵات بۆ 12 رۆژ بەردەوام بوو.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 22-6-2025 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هێرشی کردە سەر 3 بنکەی ئەتۆمیی ئێران کە بریتین لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ