12 ژن لە عێراق سەرلیستن و چواریان کوردن

10-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
12 لیستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە حەوت پارێزگاى عێراق و هەرێمى کوردستان سەرلیستەکان ژنن، چوار لەوانە کوردن.
 
زۆرترین لیست کە بەربژێری ژن ژمارە یەکن تێیاندا، لە سنووری پارێزگای بەغدان کە چوار لیستن. سەرلیستەکانی تەیاری قەزیەتونا، عومران، پارتی داعی، بزووتنەوەی روادی نیشتمانی لە بەغدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێری ژنن.
 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، سەرلیستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، نەوەى نوێ، بەرەی تورکمانی لە بازنەی پارێزگای سلێمانی و سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی دهۆک ژنن.
 
ڤیان شێخ عەلی، سەرۆکی تۆڕی تەمووز بۆ چاودێری هەڵبژاردن بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند: بوونی بەربژێری ژن بە سەرلیست وەک پاڵنەرێکی مەعنەوییە کە دواتر ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنن، رێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەى بتوانن پۆستی دیکەی وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکایەتی لیژنەکانى پەرلەمان بەدەستبهێنن.
 
سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیالە بەربژێرێکی ژنە، لە پارێزگای ئەنباریش، ژنێک ژمارە یەکی لیستی پارتی عومرانە. لە کەرکووکیش هەمان حیزب سەرلیستەکەی ژنە، لە پارێزگای زیقار سەرلیستی  خەدەمات ژنە.
 
ڤیان شێخ عەلی رایگەیاند: کۆتای ژن لەمپەرە لەبەردەم ئەوەى ژنی زیاتر لەوەی دیاری کراوە بچنە پەرلەمان کە دەبێت 25%ی بەربژێرە دەرچووەکانی پەرلەمان ژن بن.
 
سیستمی هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق جیاواز بوو لەو سیستمەی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی 11ی تشرینی دووەمى ئەم ساڵ پەیڕەو دەکرێت. لە هەڵبژاردنی پێشوو لەبری 83ژن کە 25%ی کۆتا بوو، 14 ژنى دیکە بە دەنگی خۆیان دەرچوون و ژمارەکەی بۆ 97 ژن بەرزکردەوە، بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوو کار بە بنەمای بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ دەکرا بۆ دەرچوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نووری مالیکی و قەیس خەزعەلی

هاوپەیمانێتییەکانى مالیکی و خەزعەلی، روونکردنەوە لەبارەى شەڕى میدیایی نێوانیان دەدەن

بزووتنەوەی سادیقوون، باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی هەق، جیاوازیی بۆچوونەکان لەبارەی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران بە سرووشتی دەزانێت و هەندێک لەو کەسایەتی و پەیجانەی کە لەسەر ئەو هاوپەیمانیێتییەن بە "دەرچوو لە چوارچێوەی بەرپرسیارانە" دەزانێت. دەوڵەتی یاسایش داوا لە لایەنگرانی دەکات "بێڕێزی بەرامبەر بە سەرکردە سیاسییەکان نەکەن".