رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە رێوڕەسمی چەکدانانی ژمارەیەک گەریلای پەکەکە دەکات و دەڵێت، "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو پابەندبوونانەیە کە پێشتر ئەو حیزبە رایگەیاندبوو بۆ وازهێنان لە چالاکیی چەکداری و بە پێشهاتێکی گرنگی دەزانین."
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، "ئەم هەنگاوە دەستپێکێکی گەورەیە بۆ هاتنەکایەی دەرفەتێکی راستەقینە بۆ تووندوتۆڵکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا."
وەکو راگەیێندراوەکە ئاماژەی پێداوە، "ئەم پڕۆسەیە هاوکارە بۆ کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی، کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ بۆ لێکتێگەیشتن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، "ئەم هەنگاوە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دەستپێکی قۆناخێکی نوێی هاوکاریی بنیاتنەرانە لەگەڵ کۆماری تورکیا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییە ئەمنییەکان. هەر لەم رێگەیەوە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و تورکیا پارێزراوتر دەبێت."
وەزارەتەکە هیوا دەخوازێت، "ئەم دەستپێشخەرییە سەرەتای هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بێت بۆ نەهێشتنی گرژییە سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان؛ هەروەها خاڵی دەستپێک بێت بۆ لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی بەرپرسیارانە لە ناوچەکە، بە جۆرێک رەگ و ریشەی قەیرانەکان چارەسەر بکات، ئاسایش و گەشەپێدان لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکە زیاتر و بەهێزتر بکات."
ئەمڕۆ هەینی، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا چەکەکانیان دانا و سووتاندیان.
لە رێوڕەسمەکەدا، 30 گەریلا کە لەنێویاندا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە و سێ بەرپرسی باڵای دیکە هەبوون، چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ