رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دەعوەی ئیسلامی پشتگیریی دوورخستنەوەی هەموو ئەو بەربژێرە تۆمەتبارانە دەکات کە لە گۆڕەپانی سیاسی و پەرلەماندان و، رایدەگەیێنێت، نابێت رێگە بە بەعسییەکان بدرێت لە ناوەندەکانی بڕیارداندا رۆڵیان هەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراقی بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە رێکارەکانی "دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری" دەکات، سەبارەت بە دوورخستنەوەی بەعسی و تۆمەتباران لە گۆڕەپانی سیاسی و پەرلەمان.
هەروەها دەڵێت، "بۆ پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا، پێویستە رێگە بە بەعسییەکان نەدرێت لە ناوەندەکانی بڕیارداندا کار بکەن و رۆڵی سەرەکییان هەبێت."
27ی تەممووزی 2025 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەرپەرشتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و رایگەیاند، ابێت رێگە بدرێت ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە حیزبی بەعسی هەڵوەشاوەوە هەیە، بگەنە پەرلەمان.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگرانی سەرۆکی دادگەی تەمیزی فیدراڵی، سەرۆکی دەستەی دادوەری بۆ تانەدان لە بڕیارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، سەرۆکی دەستەی دادوەریی تایبەت بە تانەدان لە بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لەگەڵ باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەری و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەکە ئامادە بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کرا، تایبەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون:
- یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بە شێوەیەکی ورد جێبەجێ بکرێت.
- رێگری بکرێت لەو کەسانەی پەیوەندییان بە حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە هەیە بگەنە پەرلەمان.
- پێویستە رێکارەکانی دەستەکە شەفاف بن.
- رێگە نەدرێت دۆسییەکە بۆ ئەو مەبەستانە بەکاربهێندرێت کە لە دەرەوەی یاسادان.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت، بەڵام ئەوانەی پەیوەندییان بە حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە هەبووە و یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیانگرێتەوە، بۆیان نییە خۆیان بۆ هیچ پۆست و پلەیەک بەربژێر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ