حکومەتی عێراق لەبارەی وەرگرتنی چەک لە پەکەکە: هەواڵگرییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و تورکیا کۆدەبنەوە

16-05-2025
هێمن عەساف
ژمارەیەک گەریلای پەکەکە. وێنە: ئەرشیڤ
ژمارەیەک گەریلای پەکەکە. وێنە: ئەرشیڤ
نیشانەکردن چەکدانانی پەکەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، چاویان لە جێبەجێکردنی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەکە لەلایەن ئەو هێزەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە سوودمەند دەبێت، بەهۆی ئەوەی هیچ بیانوویەک بۆ تورکیا نامێنێت سوپاکەی لەنێو باشووی کوردستان بهێڵێتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 16ی ئایاری 2025 باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق وەڵامی پرسیارەکانی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداوی لە بەغدا لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە دایەوە.
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی، نەوەک ئێستا، بەڵکو لە مانگی شوباتیشدا پێشوازییان لە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستاش پێشوازی لەم دەستپێشخەرییە بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە دەکات."
 
عەوادی راشیگەیاند، عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەمنییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئامادەیە هەر جۆرە هاوئاهەنگییەک بۆ وەرگرتنی چەک لە دەستی پەکەکە بکات، ئەگەر بۆ ئەو مەبەست رابسپێردرێت. گوتیشی، "هەمان ئەو میکانیزمانەی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لە نێوخۆی عێراق کردمان، لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیاش دەیکەین، بە مەرجی هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
 
گوتەبێژەکەی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، رێگرییان لە پەکەکە کردووە لەوەی خاکی وڵاتەکەیان بکاتە سەرچاوەی هێرش و هەڕەشە دژی تورکیا. باسی لەوەش کرد، "بەهۆی بوونی پەکەکە، هێزە سەربازییەکانی سوپای تورکیا سەربازگە و خاڵی سەربازیی جیاوازیان لە هەندێک ناوچەی باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. ئەگەر رێککەوتن بە دروستی بکرێت، بە دڵنیاییەوە ئەو رێککەوتنە هاندەر و هاوکار دەبێت بۆ کشانەوەی تەواوی هەموو ئەو هێزە بیانییانەی لە باکووری عێراق و خاکی هەرێمی کوردستان هەن."
 
سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتنی چەک لە پەکەکە، عەوادی گوتی، تائێستا لەسەر هیچ جۆرە میکانیزمێک رێکنەکەوتوون و بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "هەواڵگریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا کۆدەبنەوە و لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش رێکدەکەون و بڕیاری جێبەجێکردنی دەدەن."
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، سەرۆکایەتیی دیوانی 12ـەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆتایی کۆنگرەکەی بە راگەیێندراوێک بڵاوکردەوە. خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە