رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی وردبینی و هەڵسەنگاندنی زانکۆ و کۆلێژە ناحکومییەکانی نێو عێراق، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقەوە تووند دەکرێن بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی خوێندن و پابەندبوونی ئەم دامەزراوانە بە ستانداردە ئەکادیمی و کارگێڕییەکان. وەزارەت رایدەگەیێنێت، هەر زانکۆ و کۆلێژێکی ناحکومی مەرجەکانی وەزارەتی تێدا نەبێت مۆڵەتی لێدەسەندرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2025، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپێی یاسای ژمارە 25 ی ساڵی 2016 ی خوێندنی باڵای ئەهلی لە عێراق، هەموو زانکۆ و کۆلێژەکان، لێژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وردبینیکردنێکی چڕوپڕ ئەنجام دەدەن، ئەم لیژنانە هەموو مەرج و پێوەرە زانستی و کارگێڕییەکان تاوتوێ دەکەن و دڵنیا دەبنەوە لەوەی دامەزراوەکە ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن."
یاسای خوێندنی باڵای ئەهلی ژمارە 25 ی ساڵی 2016 کەرتی خوێندنی باڵای ئەهلی لە عێراق رێکدەخات، بۆ دڵنیابوونە لە کوالیتی خوێندن، دیاریکردنی مەرجی دامەزراندنی زانکۆ و کۆلێژەکان لە رووی ستاف و پرۆگرام و ئاستی خوێندن.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، کە واژۆی نەعیم عەبودی وەزیری خوێندنی باڵای عێراقی لەسەرە، کۆلێژی ئەلبانی زانکۆیی مۆڵەتی زانکۆیی لێسەندرایەوە لە بەغدا، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە یاسای خوێندنی باڵا بۆ زانکۆ ئەهلییەکان ژمارە 25 ی ساڵی 2016.
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق لە عێراق 85 کۆلیژ و زانکۆی ناحکومی هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ