رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە یەکەم کاردانەوەیدا دوای هێرشکردنە سەر بنکەی "عەدید" لە قەتەر، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ناوچەکە دەربڕی و رایگەیاند، "ماوەیەکی زۆرە هۆشداریمان لەم ئەگەرە داوە" بە وەرچەرخانێکی مەترسیدار و بێپێشینەش ناوی بردووە.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی ئەو پەرەسەندنە مەترسیدار و خێرایە دەکەین کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئێستا دەستی کردووە بە گواستنەوەی بۆ وڵاتانی برامان، بەتایبەتیش دوای ئەوەی وڵاتی قەتەر رووبەڕووی هێرش بووەوە."
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 23-6-2025، ئێران بە ژمارەیەک مووشەک هێرشی کردە سەر بنکەی عەدید لە قەتەر، سوپای پاسداران هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە. هاوکات ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ناوە "موژدەی سەرکەوتن".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم پەرەسەندنە مەترسیی گەورەی تێدایە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە، کە عێراق ماوەیەکی زۆرە هۆشداریی لە ئەگەری روودانی داوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتەکە "بەردەوام هۆشداریی داوە لە مەترسیی تێوەگلانی لایەنی نوێ لە ناکۆکییەکەدا، کە لەوانەیە ببێتە هۆی فراوانبوونی بازنەی رووبەڕووبوونەوە و پەرەسەندنی گرژییە هەرێمییەکان."
لەگەڵ هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە قەتەر، باسی هێرش بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەدیش دەکرا لە ئەنبار، بەڵام ئەحمەد مەشهەدانی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە پۆلیسی پارێزگای ئەنبار بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بنکەی عەین ئەسەد رووبەڕووی هیچ هێرشێک نەبووەتەوە."
وەزارەتی دەرەوە جەختیشی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە کە هیچ رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە هەرێمییەکان نییە، جگە لە گفتوگۆ و پەنابردنە بەر کەناڵە دیپلۆماسییەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی سەربازی کە جگە لە پەرەسەندنی زیاتر و ئازار، هیچ شتێکی دیکەی لێناکەوێتەوە.
وەزارەتەکە جارێکی دیکە داوای دانبەخۆداگرتن و یەکخستنی هەوڵەکان دەکات بۆ راگرتنی پەرەسەندنەکان و پێشخستنی زمانی عەقڵ و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی گەلانی ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ