رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتی کار و چالاکییەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بڵاوکرایەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکە 76 پەرلەمانتار بە درێژایی خولەکە لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا هیچ بەشدارییەکیان نەکردووە، شەشیان کوردن، ئەم خولەش بەراورد بە سێ خولی رابردوو کەمترین کاژێر کاری کردووە و کەمترین یاساشی پەسند کردوون.
دوو پەرلەمانتار پێنج خولە لە پەرلەمانن
دەزگای مەدارک، راپۆرتی کۆتایی خۆی لە بارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە، سەرەتاکەی بە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەم و دەنگی بەربژێرەکان دەستپێکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە کۆی 329 ئەندامی پەرلەمان، 217یان ئەندامی نوێ بوون و یەکەمجار بوو بچنە پەرلەمان، 68 پەرلەمانتار خولی دووەمیان بوو، 35 پەرلەمانتار خولی سێیەم، 7 پەرلەمانتار چوار خول و دوو پەرلەمانتاریش هەر پێنج خولی هەڵبژاردنە لەوێن، لە عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا و فەلاح زێدان، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی تەقەدوومە.
پەرلەمانێکی گەنج
ئەم خولەی پەرلەمان بەراورد بە خولی رابردوو گەنجتر بووە، چونکە 46 پەرلەمانتار تەمەنیان لە 40 ساڵ کەمتر بووە، لە خولی رابردوو ئەو ژمارەیە 16 پەرلەمانتار بوو، لەم خولەدا 115 پەرلەمانتار تەمەنیان لە نێوان 40 بۆ 49 ساڵ بووە، بەڵام خولی رابردوو 130 پەرلەمانتار لەو تەمەنەدا بوون.
ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 59 ساڵ بووە، ژمارەیان 125 پەرلەمانتارە. لە خولی رابردوو 129 پەرلەمانتار بوون. لەم خولەدا 43 پەرلەمانتار تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵ بووە، لە خولی رابردوو ئەو ژمارەیە 54 بووە.
بە 1730 دەنگ بووەتە پەرلەمانتار
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەشێوەی فرەبازنەیی بوو، عێراق بەسەر 18 بازنەی هەڵبژاردن دابەش کرابوو، بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئیبتسام هاشم لە کەربەلا بە 1730 دەنگ بووەتە پەرلەمانتار، لە کاتێکدا جەمال کۆچەر لە دهۆک بە 56 هەزار و 702 دەنگ بووەتە پەرلەمانتار، هەروەها لە نێو ئەو 10 پەرلەمانتارەی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆرترین دەنگیان بەدەست هێنابوو، شەشیان لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون.
کەمترین کۆبوونەوە و کارکردن
یەکەم دانیشتنی ئەو خولەی پەرلەمانی عێراق لە 9-1-2022 بە سەرۆکایەتیی مەحموود مەشهەدانی، بە تەمەنترین ئەندام بوو، بەڵام بەهۆی تێکچوونی تەندروستی، دانیشتنەکەی تەواو نەکرد و خالید دەڕاجی وەکو دووەم بە تەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی کرد و محەممەد حەلبووسی بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
دیارترین رووداوی ئەو خولەی پەرلەمانی عێراق، دەستلەکاركێشانەوەی بە کۆمەڵی ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر بوو، کە ژمارەیان 73 ئەندام بوو رۆژی 26-6-2022 دەستلەکارکێشانەوەکانیان پەسندکران و جێگرەوەکانیان دەستنیشان کران.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی دەزگای مەدارک، ئەو خولەی پەرلەمانی عێراق بەراورد بە سێ خولی رابردوو کەمترین دانیشتنی کردووە و کەمترین پرۆژە یاساشی تێدا پەسندکراوە:
خولی دووەم: کۆبوونەوە: 252، خوێندنەوەی یەکەم: 323، خوێندنەوەی دووەم: 276، پەسندکردنی پرۆژەیاسا: 216.
خولی سێیەم: کۆبوونەوە: 272 خوێندنەوەی یەکەم: 326، خوێندنەوەی دووەم:242، پەسندکردنی پرۆژەیاسا: 164.
خولی چوارەم: کۆبوونەوە: 149، خوێندنەوەی یەکەم: 174، خوێندنەوەی دووەم: 129، پەسندکردنی پرۆژەیاسا: 91.
خولی پێنجەم: کۆبوونەوە: 140+ شەش کۆبوونەوەی نائاسایی، خوێندنەوەی یەکەم: 175 خوێندنەوەی دووەم: 116، پەسندکردنی پرۆژەیاسا: 69.
بڕیار رەشید، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: "چەند هۆکارێک هەبوون بۆ کەمکاری ئەو خولەی پەرلەمان، نزیکەی ساڵێک بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان کرا، دواتر پەرلەمانتارانی سەدر دەستیان لە کارکێشایەوە، جگە لەوە لە ناوەڕاستی خولەکە دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی دا، هەموو ئەوانە هۆکار بوون، پەرلەمان کۆبوونەوەی کەمتر بکات بەراورد بە خولەکانی رابردوو."
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەم خولەی پەرلەمان کەمترین کاژێری کارکردنی هەبووە، کە 294 کاژێر و 42 خولەک بووە، لە خولی دووەم پەرلەمان 993 کاژێر و لە خولی سێیەم 819 کاژێر و لە خولی چوارەم 428 کاژێر کاری کردووە.
لەم خولەی پەرلەماندا زۆرترین پرۆژەیاسا لە ساڵی دووەم پەسند کراون، کە 35 پرۆژە بووە، لە ساڵی یەکەم دوو پرۆژەیاسا، لە ساڵی سێیەم 21 پرۆژەیاسا و لە ساڵی چوارەم 11 پرۆژە یاسا پەسند کراون.
هەر لەم خولەی پەرلەماندا 47 یاسا خوێندنەوەی دووەمیشیان بۆ کراوە، بەڵام نەخراونەتە دەنگدانەوە. لە نێو ئەو پڕۆژەیاسایانەی کە زۆرترین کاتیان بردووە بۆ پەسندکردنیان دوای خوێندنەوەی یەکەم، یاسای هێنانە کایەی پارێزگای هەڵەبجە، دوای دوو ساڵ و 12 رۆژ لە خوێندنەوەی یەکەم، ئینجا پڕۆژەیاساکە پەسند کراوە.
بەپێی راپۆرتەکەی دەزگای مەدارک، بە درێژایی چوار ساڵی رابردوو، یەک دانیشتنی پەرلەمان لە کاتی دیاری خۆیدا نەکراوە، بۆ جۆرێک دانیشتی رۆژی 8-6-2023، 10 کاژێر و 25 خولەک دواکەوتووە.
23٪ی پەرلەمانتاران بەشداری گفتوگۆکانیان نەکردووە
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی کە دەزگاکە بڵاوی کردووەتەوە، یەک پەرلەمانتار 80 جار بەشداری گفتۆگۆکانی خوێندنەوەی یەکەم یان دووەم و یان پەسندکردنی یاساکانی کردووە، بەڵام 76 پەرلەمانتار هیچ بەشدارییەکیان لە گفتوگۆکاندا نەکردووە، واتە 23٪ی پەرلەمانتاران هیچ بەشدارییەکیان نەبووە.
لەوانەی هیچ بەشدارییەکان لە گفتوگۆکاندا نەبووە، شەشیان پەرلەمانتاری کوردن.
هەر بە گوێرەی خشتەکە 48 پەرلەمانتار یەک جار و 48 پەرلەمانتار دوو جار بەشداری گفتوگۆکانیان کردووە.
ئەو پەرلەمانتارەی زۆرترین بەشداری لە گفتوگۆکاندا کردووە عادل حاتمی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ بووە، لە دوای ئەویش فالح خەزعەلی لە فراکسیۆنی سەنەدی وەتەنی بە 66 بەشداری و رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ بە 55 بەشداری لە پلەی دووەم و سێیەم دێن.
لە نێو پەرلەمانتارانی کوردیش موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتوو بە 39 بەشداری لە گفتوگۆکاندا لە پلەی یەکەم و بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری یەکێتی بە 23 بەشداری و غەریب ئەحمەد بە 21 بەشداری لە پلەی دووەم و سێیەم دێن.
لەنێو پەرلەمانتارانی پیاودا عادل حاتەمی لە پلەی یەکەم دێت، کە 80 جار بەشداری گفتوگۆکانی کردووە، بەڵام 52 پەرلەمانتاری پیاو بەشداری هیچ گفتوگۆیەکیان نەکردووە.
لە نێو پەرلەمانتارانی ئافرەتیش عالیە نسەیفە، کە 44 جار بەشداری لە گفتوگۆکاندا کردووە، بەڵام 24 ژن بەشداری هیچ گفتوگۆیەکیان نەکردووە.
بڕیار رەشید پێیوایە بەشدارینەکردنی ئەو رێژەیەی پەرلەمانتاران لە گفتوگۆکاندا "ئاسایی نییە " و گوتی: "پەرلەمانتارانی کورد زۆرترین بەشداریان هەبووە، ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداریان نەکردووە، رەنگە هۆکاری خۆیان هەبووبێت، یان ئامادە نەبوونە لە دانیشتنەکان، یاخود بابەتی دانیشتنەکەیان بەلاوە گرنگ نەبووە."
بەشداری لە گفتوگۆکان لە پەرلەمان بەپێی پارێزگاکان
بەگوێرەی داتاکان لە بازنەی هەولێر، رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، زۆرترین بەشداری لە گفتوگۆکاندا کردووە، کە 18 جار بووە، بەڵام خدر سدیق مەنتک، پەرلەمانتاری هەمان فراکسیۆن هیچ بەشدارییەکی لە گفتوگۆکاندا نەکردووە.
لە بازنەی سلێمانی، موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتوو، زۆرترین بەشداری کردووە، کە 39 جار بووە، بەڵام بەدریە حوسێن، پەرلەمانتاری یەکێتی، هیچ بەشدارییەکی نەبووە.
لە بازنەی دهۆک ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی زۆرترین بەشداری هەبووە، کە 11 جار بووە، بەڵام هەر یەک لە پەرلەمانتاران خالید سەلیم، خەلیل غازی، سەگڤان یوسف و مۆفەق شەهاب، پەرلەمانتارانی پارتی و بیدئ خدر بەهنام، پەرلەمانتاری کۆتای کریستیان سفر بەشداریان هەبووە.
لە بازنەی کەرکووک ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی زۆرترین بەشداری هەبووە، کە 23 جار بووە، بەڵام مهیمن عەلی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەرەبی هیچ بەشدارییەکی نەبووە. ساهیرە عەبدوڵڵاش یەکجار بەشداری کردووە.
لە بازنەی نەینەوا، شەریف سلێمان، پەرلەمانتاری پارتی زۆرترین بەشداری لە گفتوگۆکاندا کردووە، کە 18 جار بووە، هەریەک لە پەرلەمانتاران تاڵب معماری، لەتیف مستەفا، محاسن حەمدوون، محەممەد جبووری و توعمە لهێبی بەشدارییان لە هیچ گفتوگۆیەکدا نەکردووە.
ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا
سەبارەت بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاراندا لە دانیشتنەکاندا، تێکڕای ئامادەبوونی پەرلەمانتاران 173 بووە لە هەر دانیشتنێکدا. واتە تێکڕای ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران 156 پەرلەمانتار بووە بۆ هەر دانیشتنێک.
لە ساڵی یەکەم تێکڕای ئامادەبوون 192 پەرلەمانتار بووە، لە ساڵی دووەم دابەزیوە بۆ 163 پەرلەمانتار، لە ساڵی سێیەم بۆ 178 پەرلەمانتار بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ساڵی چوارەم و کۆتایی بۆ 160 پەرلەمانتار دابەزیوە.
زۆرترین ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە یەکەم دانیشتن لە 9-1-2022 بوو، کە 325 پەرلەمانتار ئامادە بوون.
سەبارەت بە ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکاندا، بڕیار رەشید دەڵێت، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ جیدینەبوونی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کە کاریگەری زۆری تەنانەت لەسەر کۆبوونەوەی لیژنەکانیش هەبووە.
مەندەلاوی سەرۆکایەتی زۆربەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کردووە
بەگوێرەی راپۆرتەکەی دەزگای مەدارک لەم خولەی پەرلەماندا موحسین مەندەلای کە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانە، سەرۆکایەتیی 65 دانیشتنی پەرلەمانی کردووە، دوای ئەویش محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان سەرۆکایەتیی 59 دانیشتنی کردووە، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئێستای پەرلەمان سەرۆکایەتیی 10 دانیشتن و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیش سەرۆکایەتیی 7 دانیشتنی پەرلەمانی کردووە.
سێ لیژنە بێ سەرۆک و جێگرن
بەگوێرەی مادەی 74 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، هەر لێژنەیەکی پەرلەمان لە دوای پێکهێنانی دەبێت لە نێوان ئەندامانییدا سەرۆک و دوو جێگر هەڵبژێرێت، بەڵام لەم خولەی پەرلەماندا لێژنەی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەوار، هەروەها لیژنەی شەهیدان، کە هەر یەکێکیان دوو ئەندامی هەیە، سەرۆک و جێگری یەکەم و دووەمیان نییە.
لیژنەی ئەوقاف وعەشیرەتەکانیش هیچ ئەندامێکی نییە، بۆیە سەرۆک و جێگرانی یەکەم و دووەمیشی نییە.
لیژنەی دارایی زۆرترین کۆبوونەوەی کردووە
لە چوار ساڵی رابردوودا لە 25 لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی دارایی زۆرترین کۆبوونەوەی کردووە، کە 90 کۆبوونەوە بووە، دوای ئەویش لیژنەی یاسایی بە 65 کۆبوونەوە و لیژنەی کارەبا و وزە بە 48 کۆبوونەوە لە پلەکانی دووەم و سێیەم دێن.
بەڵام لیژنەکانی کۆچ و کۆچبەران و رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەوار کەمترین جار کۆبوونەتەوە، کە تەنیا سێ جار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ