رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایدەگەیێنێت، دەستپێکردنی کار لە پڕۆژەی شارە نوێیەکانی نیشتەجێبوون، نرخی خانووبەرەی بە رێژەی 10% دابەزاندووە و ئەو شارانەش بەپێی پێوەری ژینگەیی و شارستانی دروست دەکرێن.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 24-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەرتی نیشتەجێبوون رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە." گوتیشی، پلانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، دروستکردنی شارە گەورەکانە بۆ زیادکردنی ژمارەی یەکەکان لە بازاڕدا.
"نرخ 10% دابەزیوە"
سەفار دەڵێت، "تێبینیمان کردووە هەر کە کار لە دروستکردنی شارەکانی نیشتەجێبوون دەستیپێکرد، نرخی خانووبەرە بە رێژەی 10% و زیاتر دابەزی، سەرەڕای ئەمەش چینی هەژار و داهات مامناوەند توانای کڕینیان نییە."
نەبیل سەفار ئەوەیشی خستەڕوو، "پڕۆژەکان هێشتا لە قۆناخی سەرەتادان و چاوەڕوان دەکرێت یەکەم بەشی یەکەکان لە ماوەی 4 بۆ 5 ساڵی داهاتوودا رادەست بکرێن، تاوەکو ئێستا 5 لەو شارانە دراونەتە وەبەرهێنەران و 7 شاری دیکەش لە قۆناخی راگەیاندندان."
"لە کەرکووک خواستێکی زۆر لەسەر خانووبەرە هەیە"
بەڵام پێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، محەممەد شاکر، وەبەرهێنەر لە پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون لە کەرکووک و ئەندامی یەکێتیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە رووداوی گوت، "نرخی خانووبەرە لە کەرکووک زۆر باشە، خواستی زۆر هەیە لەسەر یەکە نیشتەجێبوونەکان، ئێستا زۆر ئاسانکاریمان بۆ کڕیار کردووە بە شێوەی قیست دەتوانێ ببێتە خاوەنی یەکە."
محەممەد شاکر گوتیشی، "هەموو وەبەرهێنەرەکان لە رێگەی گرووپێکەوە ئاگاداری دۆخی بازاڕین، نرخەکانیش بەپێی شوێن و گەڕەک جیاوازە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ