رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا هێرشی توندی کردە سەر 'کۆنگرەی حەسەکە' و رایگەیاند، ئەو کۆنگرەیە "نوێنەرایەتیی گەلی سووریا و تەنانەت زۆرینەی کوردیش ناکات" و بە "هەوڵێکی شکستخواردوو" ناوی برد.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی ئابی 2025 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رایگەیاند: "ئەو کۆنگرەیەی لە حەسەکە بەسترا، بە دڵنیاییەوە نوێنەرایەتیی گەلی سووریا ناکات. بە شێوەیەکی گشتیش نوێنەرایەتیی زۆرینەی دەستەبژێری هۆز، ئایینەکان و تەنانەت دەستەبژێری کوردیش ناکات."
شەیبانی کۆنگرەکەی بە "هەوڵێکی سەرنەکەوتوو بۆ سوودوەرگرتن لە دۆخی سوەیدا و هەندێک ناوچەی دیکەی سووریا" ناوبرد و گوتی: "ئێمە ئەو کۆنگرەیە رەتدەکەینەوە، چونکە پێشێلکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادارە."
وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، "حکومەت و دەوڵەتی سووریا چەترێکن و پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە ژێریدا کۆببنەوە و کێشەکان چارەسەر بکرێن. هەر هەوڵێکی تێکدەرانە یان سوودوەرگرتن لە کێشە و ناسۆرییەکان بۆ بەکارهێنانیان وەک کارتی سیاسی رەتدەکەینەوە."
کۆنفرانسی یەکهەڵوێستیی پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رۆژی 8ـی ئەم مانگە لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، کۆنفرانسەکە داوایکرد کێشەکانی سووریا بە دەستوورێکی دیموکراسی و سیستمێکی ناناوەندی چارەسەر دەبن. هەروەها دەستووری کاتیی ئێستای سووریای رەتکردەوە و رایگەیاند کە "داواکارییەکانی گەلی سووریا بۆ ئازادی و شکۆمەندیی مرۆڤایەتی لەخۆناگرێت". هاوکات سەرکۆنەی رووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگەی سوەیدای باشووری سووریای کرد و بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناوی برد.
"رووبەڕووی دەستوەردانی دەرەکی بووینەتەوە"
شەیبانی ئاماژەی بەوە کرد، دیدارەکەیان لەگەڵ تورکیا "لە کاتێکی هەستیاردایە"، چونکە ژێرخانی سووریا وێران بووە و ئێستا رووبەڕووی ئاڵنگاریی نوێ بووەتەوە، "لە سەرووی هەموویانەوە هەڕەشە دووبارەکانی ئیسرائیل کە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی سووریایە."
وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، "سووریا رووبەڕووی چەندین دەستوەردانی دەرەکی بووەتەوە، هەندێکیان راستەوخۆ و هەندێکی دیکەیان ناڕاستەوخۆن، کە هەوڵی لاوازکردنی دەوڵەت و دروستکردنی دۆخێکی دابەشکاریی ناسەقامگیر دەدەن."
سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، شەیبانی گوتی، "کۆمەڵێک پرسی دووقۆڵی و هەرێمییان تاوتوێ کردووە و بەرژەوەندی و هەڕەشەی هاوبەش سووریا و تورکیا کۆدەکاتەوە."
شەیبانی پەیامێکی ئاراستەی وڵاتان کرد و گوتی: "ئێمە لە سووریای نوێ، دەستمان بۆ هەموو هاوبەشییەک درێژ دەکەین کە رێز لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی سووریا بگرێت. سەقامگیریی سووریا، سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەیە. هۆشداری لە پشتیوانیکردنی پشێوی دەدەین و داوا لە وڵاتانی دۆست دەکەین لە پاڵ سووریا بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ