ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: ئامانجمان بەهێزکردنی برایەتییە

01-05-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لە پڕۆسەی چارەسەریدا ئامانجیان بەهێزکردنی برایەتییە، نەک دانوستاندن و بەرژەوەندی. لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی خۆی و سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ''لە نزیکترین هەلدا کۆدەبینەوە''.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025 لە کاتی گەڕانەوەی لە ئیتاڵیا، لەنێو فڕۆکە وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە و لەبارەی چەند پرسێکەوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی کرد.
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری گوتی، "مەبەستمانە بەتەواوی لە بەڵای تیرۆر کە هەوڵدەدات بەربەست بۆ برایەتی، یەکڕیزی و یەکپارچەیی تورکیا دروست بکات، رزگارمان بێت و بەرەو ئایندە هەنگاو بنێین''.
 
ئەردۆغان گوتیشی، ''ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا سەرکەوتنی گرنگمان بەدەستهێناوە. هەنگاوی باشمان لە بابەتی بەدیموکراسیبوون ناوە. وەک هاوپەیمانی جمهوور، ویستێکی بەهێز و رژدمان لەپێناوی کۆتاییهێنان بە تیرۆر و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ نیشان دا''.
 
ئەردۆغان جەختیکردەوە، ئامانج لە پرۆسەی چارەسەری بەهێزکردنی برایەتییە، نەوەک دانوستاندن و بەرژەوەندی؛ گوتیشی، ''بۆ تورکیایەک هەوڵدەدەین، سیاسەتی سڤیل تێیدا بەهێز بکرێت، سەقامگیری رەگ دابکوتێت و سەرچاوەکان لە تەکنەلۆژیا و بووژانەوە خەرج بکرێن''.
 
لە تشرینی یەکەمی پارەوە، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا، کە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کردووە، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ''لە نزیکترین هەلدا رووبەڕوو لەگەڵ بەڕێز ترەمپ کۆدەبینەوە. زۆر بابەت هەن لەبارەیانەوە قسە بکەین و هەنگاویان بۆ بنێین''.
 
ئەردۆغان گوتیشی، ''ئێمە وەک دوو سەرکردە لە بابەتی سووریاش لێکتێگەیشتنمان هەیە. لەو بابەتانەش کە بۆچوونەکانمان جیاوازن، هەوڵ و گفتوگۆکانمان لە پێناوی سازان بەردەوام دەبن''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.