پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە زاری سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە: جگە لە چەکدانان، رێگەیەکی دیکە بۆ ئاشتی نییە

01-08-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی سەردانی گرتووخانەی کرد بە مەبەستی دیداری سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، دەمیرتاش لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە گوتوویەتی، "پێویستە چەکەکان دابنرێن. جگە لەوە، رێگەیەکی دیکە بۆ گەیشتن بە ئاشتی نییە."
 
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 1ی ئابی 2025 سەردانی سەڵاحەدین، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی لە گرتووخانەی ئەدیرنە لە شاری ئەدیرنەی تورکیا کردووە.
 
بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی، دەمیرتاش لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گوتوویەتی، "زۆر بەهێزم و لێوانلێوم لە هیوای ئاشتی. پێویستە چەکەکان دابنرێن. جگە لەوە، رێگەیەکی دیکە بۆ گەیشتن بە ئاشتی نییە. دەبێت هەنگاوێکی بنەڕەتی بنرێت و بە هەر شێوەیەک بێت رێگەی ئاشتی واڵا بکرێت."
 
وەکو گەرگەرلیئۆغڵو دەڵێت، لە دەمیرتاشی پرسیوە، "کەی لە گرتووخانە دەردەچیت؟" دەمیرتاش لە وەڵامدا گوتوویەتی، "بێگومان رۆژێک دەردەچم. بەڵام دەرچوونی من گرنگ نییە؛ گرنگ ئەوەیە ئاشتی بەدیبێت و کۆمەڵگەیەکی نیازپاک دروست ببێت کە داوای دادپەروەری و ئازادی بۆ هەمووان بکات و  چیدیکە ئەو کێشانە دروست نەبنەوە."
 
بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی، لە دیدارەکەدا هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "پێکەوەژیانی کورد و تورک، گرنگ و بەهادار دەبێت."
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە لە ساڵی 2016ەوە لە زیندانن، لەنێو ئەو 108 ئەندام و بەرپرسەی پێشووی هەدەپەدان کە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دادگایی کران.
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.