یاریدەدەری ئەردۆغان دەڵێت، کاتی ئەوەیە بە کرداری چەکدانانی پەکەکە ببینن

02-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا پاڵپشتی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بکەن. دەشڵێت، کاتی ئەوەیە بە کرداری چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ببینن.
 
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە، دووی تەممووزی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناخێکی ''ئەرێنی و گرنگ''، داواشی لە هەموو پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی کرد، پاڵپشتی لە سەرخستنی پرۆسەکە بکەن.
 
یاریدەدەری ئەردۆغان پێیوایە، شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زیانی گیانی و مادی بە وڵاتەکەی گەیاندووە، بۆیە دەڵێت: ''ئیدی دەمانەوێت تورکیا لەم زەحمەتییانە رزگار بکەین و بچینە قۆناخێکی جیاواز''.
 
یڵماز لەبارەی چەکدادانی پەکەکە گوتی: ''ئێستا کاتی ئەوەیە بە کردەیی ئەمە ببینین. چاوەڕێ دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەمە رووبدات. پێمانوایە لەمەودوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە بە شێوەیەکی کرداری دەبینرێن. بەڵام ئەمە کاتێکی دیاریکراوی پێویستە، شتێک نییە لە رۆژێکدا جێبەجێبکرێت''.
 
سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە، یاریدەدەری ئەردۆغان گوتی، دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی (میت) و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان زانیاری وەرگرتووە و بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیە، رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە دەکەوێتە سەرەتای مانگی تەممووز و لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
دوو سەرچاوەکە دەڵێن، لەنێوان سێ بۆ 10ـی تەممووز، ژمارەیەک گەریلا کە هێشتا ژمارەکەیان بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە و لەنێوان 20 بۆ 30 کەسدا دەبن، لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی میدیاکان چەکەکانیان دادەنێن.
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.