بریکاری فراکسیۆنی دەم پارتی: پێویستمان بە خەباتێکی هاوبەشە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد

02-08-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی دەڵێت، چارەسەرکردنی پرسی کورد، پرۆسەیەکی درێژخایەنە. ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستمان بە خەباتێکی بەهێز و هاوبەشە."
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، پێویستە هەموو پارتە سیاسییەکانی ئامادەبوو لە پەرلەمانی تورکیا هەوڵ بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بدەن؛ گوتیشی، "ئاشتی شتێک نییە کە تەنیا بە چاوەڕوانی یان بە سەیرکردن بتوانین بەدیبهێنین."
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لەبارەی لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری گوتی، "نابێت لیژنەکە هەر تەنیا لیژنەیەکی تەکنیکی بێت، بەڵکو ئەرکی سەرشانی هەمووانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی دیموکراسی، کار لە لیژنەکەدا بکەن."
 
کۆچیغیت کە هاوکات ئەندامی لیژنەکەیە لە پەرلەمان، ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەرکردنی پرسی کورد، پرۆسەیەکی درێژخایەنە؛ باسی لەوەش کرد، "ئەگەر لیژنەکە تەنیا لە بابەتی چەکدانان سنووردار بکرێت، زۆر روون و ئاشکرایە چارەسەری پرسی کورد ناکات."
 
وەکو بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی دەڵێت، "تورکیا بەهۆی بوونی پرسی کوردەوە تووشی قەیران و شکستێکی گەورەی دیموکراسی بووە. بۆ دەرچوون لەم چەقبەستووییە و واڵاکردنی رێگەی سیاسەت و کۆمەڵگەی دیموکراسی، پێویستمان بە خەباتێکی بەهێز و هاوبەشە."
 
لیژنەی پرۆسەی چارەسەری بڕیاربوو لە 51 ئەندام پێکبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیی پارتی بڕیاری بەشدارینەکردنی داوە، بۆ 48 ئەندام دابەزیوە.
 
ئاکپارتی بە 21 ئەندام، جەهەپە بە 10 ئەندام، هەریەک لە دەم پارتی و مەهەپە بە 4 ئەندام، پارتی رێگەی نوێ بە 3 ئەندام و هەر یەک لە پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار)، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی رەنج، پارتی چەپی دیموکرات و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە یەک ئەندام بەشداری لە لیژنەکەدا دەکەن.
 
لیژنەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 5-8-2025 بە سەرپەرشتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە و بە فەرمی دەست بە کارەکانی دەکات. 
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.