بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: متمانەمان پێ بکەن

03-08-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت: ''خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە و دەرگەی تێکۆشانێکی زۆر لەوە بەهێزتر کراوەتەوە''. سەزایی تەمەللی روو لە گەلانی تورکیا دەکات: ''مەترسن و متمانەمان پێ بکەن''.

سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، رۆژی یەکشەممە، 3ی ئابی 2025، لە گوتارێکیدا لە سەمسووری باکووری کوردستان رایگەیاند: ''راستە قۆناخی خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە، بەڵام دەرگەی تێکۆشانێکی زۆر لەوە بەهێزتر کراوەتەوە. ئیدی ئەم مێژووە کۆنە دەگۆڕدرێ و خەباتی ئازادی و ئاشتیی ئێمە بەهێزتر دەبێت''.
 
تەمەللی لەبارەی لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری کە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات، گوتی: ''ئێمە ناڵێین با هەموو شتێک چارەسەر بکات، بەڵام با چارەسەری وەها بەرهەم بهێنێت کە رێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەش خۆش بکات''.
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە، هەموو هەوڵێک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەدەن، رووی دەمی کردە گەلانی تورکیا و گوتی: ''مەترسن و متمانەمان پێ بکەن. ئێمە لەم پێناوەدا زۆر کەسمان لەدەستداوە؛ بەشێکی زۆریان چوونەتە زیندان''.
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنەلە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.