دەم پارتی: چەند رۆژی داهاتوو ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی دەکات

04-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە دەڵێت، ئێستا ئەرکی سەرەکیی پرسەکە لە ئەستۆی سەرۆککۆماری تورکیایە. لەبارەی ئەگەری پەیامی ئۆجەلانیش دەڵێت، "لە چەند رۆژی داهاتوودا بانگەوازێکی مێژوویی دەکات."
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی سێشەممە 4ی شوباتی 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، لەبارەی ئەگەری پەیامی ئۆجەلان رایگەیاند، "بەڕێز ئۆجەلان لە چەند رۆژی داهاتوودا بانگەوازێکی مێژوویی دەکات."
 
باکرهان ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان پاڵپشتیی ئەو بانگەوازە دەکەن، "داوا لە دەسەڵات دەکەین زەوینە بۆ ئەو بانگەوازە بڕەخسێنێت و لەم چارەسەرە مێژووییەدا رۆڵی خۆی بگێڕێت."
 
لەبارەی بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ پرۆسەی چارەسەری، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "کەسی سەرەکی بەڕێز باخچەلی نییە. ئێستا کارە گەورەکە کەوتووەتە ئەستۆی بەڕێز ئەردۆغان. هەموو شتێک لە دەستی ئەودایە."
 
دەوڵەت باخچەلی رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
 
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
 
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
 
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە