رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەکەی خۆی و سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر رایگەیاند، تاوتوێی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی سووریایان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، باسیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردووە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی شوباتی 2025، گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە، دواتریش کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، گەلی سووریا خاوەنی ئەو ویستەیە کە دەتوانێت داهاتووی خۆی دیاریبکات.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "وەک چۆن لە ناخۆشترین رۆژەکاندا برا سوورییەکانمان تەنیا جێنەهێشتن، لە سەردەمی نوێشدا ئەو پاڵپشتییەی پێویست بێت پێشکێشی دەکەین''.
ئەردۆغان سەردانەکەی ئەحمەد شەرعی بە ''مێژوویی'' ناوبرد و گوتی، ''وەک دەستپێکێکی هەمیشەیی بۆ هاوئاهەنگی و دۆستایەتیی نێوان وڵاتەکانمان دەیبینم. دامەزراوەکانمان لە دوو مانگی رابردوودا هەوڵی رژدیان داوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان بگەیێنینە ئاستێکی ستراتیجی. لەو باوەڕەدام، پشت بە خودا لە داهاتوودا پەیوەندی و سەردانەکانمان زیاتر دەبن''.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە، هەر لە سەرەتاوە ئامانجیان پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا بووە و گوتیشی: ''لەگەڵ برا قەدرگرانەکەم تاوتوێی هەنگاوەکانی پەیوەست بە ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان (سووریا) کرد. دەتوانم بڵێم لە هەموو بابەتەکاندا کۆک بووین''.
ئەردۆغان باسی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش کرد و رایگەیاند: ''باسمان لە هەنگاوەکان دژی رێکخراوی تیرۆریستی و لایەنگرانیان کرد کە باکووری رۆژهەڵاتی سووریایان داگیرکردووە. ئامادەیی خۆمان دەربڕی بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەک لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە تیرۆرێک، ئینجا پەکەکە بێت یان داعش''.
ئەحمەد شەرعیش گوتی، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەردوولادا هەیە، "سوورین کە ئەو پەیوەندییە بگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی قووڵ لە هەموو بوارەکاندا بۆ بەدیهێنانی خێر و گەشەکردنی هەردوو گەل. لەم سۆنگەیەوە دەستمان بە هاوکاری هاوبەش کردووە، لە بوارەکانی مرۆیی، ئابووری، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی."
شەرع ئاماژەی بەوەش کرد، "پێکەوە لەسەر دۆسیە گەورە ستراتیژییەکانی دیکە کار دەکەین، لە سەرووی هەموویانەوە بنیادنانی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ئەمنی لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوام بۆ هەردوو کۆماری سووریا و تورکیا دەستەبەر بکات. لە کۆبوونەوەکەدا راوێژمان بەیەکەوە کرد سەبارەت بەو هەڕەشانەی کە رێگە بە تەواوبوونی یەکێتیی خاکی سووریا نادەن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ