رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی (کوشتنی ژنان دەوەستێنین) لە تورکیا رایگەیاند، مانگی رابردوو 33 ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا بە دەستی پیاوان کوژراون و 32 ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
پلاتفۆڕمەکە رۆژی سێشەممە 4ی شوباتی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، راپۆرتی مانگی کانوونی دووەمی پەیوەست بە کوشتنی ژنانی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئاماری پلاتفۆرمەکە، مانگی رابردوو 33 ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا کوژراون، هەروەها 32 ژنی دیکەش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
پلاتفۆڕمی (کوشتنی ژنان دەوەستێنین) ئاشکرای کرد، 8 لە کوژراوەکان لەلایەن هاوژینەکانیان، 5یان لەلایەن خۆشەویستەکانیان، 6یان لەلایەن خزمەکانیان، سێیان لەلایەن ناسیاوەکانیان، سێیان لەلایەن کوڕەکانیان، سێیان لەلایەن براکانیان، دوویان لەلایەن هاوژینی پێشوویان و یەکێکیشیان لەلایەن باوکیانەوە کوژراون.
لەبارەی هۆکاری کوژرانەکان، پلاتفۆرمەکە دەڵێت، 8 ژنیان بەهۆی داوای جیابوونەوە، رازینەبوون بە ئاشتبوونەوە، رەتکردنەوەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و رەتکردنەوەی دروستکردنی پەیوەندیی خۆشەویستییەوە کوژراون، هەروەها ژنێکیش بەهۆی ئامادەنەکردنی خواردن لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە. هۆکاری کوژرانی ژنەکانی دیکە دەستنیشان نەکراوە.
هەر بەگوێرەی پلاتفۆڕمی کوشتنی ژنان دەوەستێنین، ئەو 33 ژنە لە 18 پارێزگەی تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون کە زۆرترین کوژران لە ئیستەنبووڵ بووە.
سەبارەت بە شوێنی کوژرانەکان، پلاتفۆڕمەکە گوتی، 23 ژنیان لە ماڵەکانیان، سێیان لە سەر شەقام، یەکیان لە چۆڵەوانی، یەکیان لە نەخۆشخانە و یەکێکی دیکەشیان لە پارک کوژراون. شوێنی کوژرانی چوار کەسەکەی دیکە دەستنیشان نەکراوە.
لەباریە چۆنییەتی کوژرانیان ئەو پلاتفۆڕمە ئەوەشی خستەڕوو، 17 ژنیان بە دەمانچە، هەشتیان بە چەقۆ و شتی هاوشێوە، سێیان بە خنکاندن، دوویان بە لێدان و یەکێکیشیان بە سووتاندن، کوژراون. چۆنییەتی کوژرانی دوو ژنەکەی دیکە دەستنیشان نەکراوە.
بەگوێرەی ئاماری هەمان پلاتفۆڕم، پار 394 ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا بەدەستی پیاوان کوژراون و 259 ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ