رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە گوتاری کردنەوەی یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان دەڵێت: ''بانگەوازێکە بۆ بەهێزکردنی مەعنەویی گەلەکەمان، بەهەمیشەییکردنی برایەتیمان، قبووڵکردنی جیاوازییەکانمان و بەهێزکردنی ژیانێکی هاوبەش''.
نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی سێشەممە، 5ی ئابی 2025 لە پەرلەمان سەبارەت بە یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری، گوتاری کردنەوەی پێشکێش کرد و رایگەیاند: ''لە مێژووی گەلەکان هەندێک سات هەن، نەک تەنیا ئەو رۆژە و ئەو ساتە، بەڵکو ئاراستەی ئایندەی ئەو گەلانەش دیاری دەکات؛ ئەمڕۆش یەکێکە لەو رۆژانە''.
کورتوڵمووش گوتیشی: ''ئەم لیژنەیە بانگەوازێکە بۆ بەهێزکردنی مەعنەویی گەلەکەمان، بەهەمیشەییکردنی برایەتیمان، قبووڵکردنی جیاوازییەکانمان و بەهێزکردنی ژیانێکی هاوبەش''.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەکەی بە دەرفەت و ''خاڵێکی وەچەرخان'' ناوبرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). گوتیشی: ''وەک چۆن گەلەکەمان لە رابردوودا، لە سەخترین رۆژەکانیدا، یەک هەڵوێست و یەکدەنگ بووە، ئەمڕۆش بە هەمان ئەو یەکدەنگی، یەک هەڵوێستی و برایەتییەوە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات''.
کورتوڵمووش لەبارەی پرۆسەی چارەسەری ئاماژەی بەوە کرد: ''پرسی هیچ کەس، دامەزراوە، پێکهاتەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو راستەوخۆ پرسی گەلی ئازیزمانە. بەهای ئەو لیژنەیەی پەرلەمانیش، هەر لەمەدایە''.
لیژنەکە بڕیاربوو لە 51 ئەندام پێکبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیی پارتی بڕیاری بەشدارینەکردنی داوە، 48 ئەندامی دەبێت.
ئاکپارتی بە 21 ئەندام، جەهەپە بە 10 ئەندام، هەریەک لە دەم پارتی و مەهەپە بە 4 ئەندام، پارتی رێگەی نوێ بە 3 ئەندام و هەریەک لە پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار)، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی رەنج، پارتی چەپی دیموکرات و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە یەک ئەندام بەشداری لە لیژنەکەدا دەکەن.
هەروەها هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاری، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش هەریەکەیان ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
پێکهێنانی ئەو لیژنەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری، لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بوو.
دەقی گوتارەکەی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا:
بەخێربێن بۆ کۆبوونەوەی لیژنەکەمان. لە مێژووی گەلەکاندا هەندێک سات هەن، نەک تەنیا ئەو رۆژە و ئەو ساتە، بەڵکو ئاراستەی ئاییندەی ئەو گەلانەش دیاری دەکات. ئەمڕۆش یەکێکە لەو رۆژانە. هەموومان گەواهیدەری ئەوەین کە هاتووینەتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ رزگاربوون لە بەڵای تیرۆر کە نیو سەدەیە یەخەی گەلەکەمانی گرتووە. وەک چۆن گەلەکەمان لە رابردوودا، لە سەخترین رۆژەکانیدا، یەک هەڵوێست و یەکدەنگ بووە، ئەمڕۆش بە هەمان ئەو یەکدەنگی، یەک هەڵوێستی و برایەتییەوە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە، تەنیا دەستپێکێکی کار و چالاکییەکانی لیژنەکە نییە. هاوکات، دەستپێکێکە بۆ ئەوەی گەلەکەمان بە ئومێدەوە لە ئاییندە بڕوانێت. ئەم لیژنەیەی کۆبووەتەوە، شاندێکی ئاسایی نییە، بەڵکو شاندێکە کە بوێریی نیشانداوە بۆ ئەوەی ئاییندەمان ببووژێنینەوە و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییمان بەهێز بکەین. لێرەدا گەواهیدەری دەستپێکی سەردەمێکی مێژوویین کە نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەل دەکات. ئەم لیژنەیە بۆ ئەوەیە کە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بکات و پێشنیازەکان بە پەرلەمان بگەیێنێت. لیژنەکەمان ئیرادەیەکە بە مەبەستی چاوخشاندنەوەیەکی نوێیە بۆ ئەو پرسەی کە لەلایەن ئەو کەسانەی دەیان ساڵە وزەی وڵاتەکەمانیان بەفیڕۆ دا و دووبەرەکییان لە نێوان براکان دروست کرد، هاتووەتە کایەوە. لێرەدا ئامانجی سەرەکیمان نووسینەوەی دەستوور، چاکسازیی یاسایی و بەیەکجار چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان نییە. ئەرکی پەرلەمان، لەگەڵ ئەوەی دەنگی گەلە، نوێنەری ئاشتیی کۆمەڵایەتی، دڵنیایی برایەتی و ناونیشانێکی رەوای چارەسەریشە. کاری پەرلەمان، مامەڵە و بەرژەوەندیی سیاسی نییە، بەڵکو شوێنی ویژدان، بوێری و دادپەروەرییە. چونکە ئەو پرۆسەیەی بە خۆهەڵوەشاندنەوە و بێدەنگکردنی تەواوی چەکەکانی رێکخراوەکە دەستیپێکردووە، پرسی هیچ کەس، دامەزراوە، پێکهاتەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو راستەوخۆ پرسی گەلی ئازیزمانە. بەهای ئەو لیژنەیەی پەرلەمانیش، هەر لەمەدایە. ئەم لیژنەیە بانگەوازێکە بۆ بەهێزکردنی مەعنەویی گەلەکەمان، بەهەمیشەییکردنی برایەتیمان، قبووڵکردنی جیاوازییەکانمان و بەهێزکردنی ژیانێکی هاوبەش. ئەو هەستی برایەتی، یەکگرتوویی و یەکدەنگییەی گەلەکەمان، بەدرێژایی هەموو سەردەمەکان بووەتە بەردی بناخەی کۆمەڵگەکەمان. گەلەکەمان هەرگیز رێگەی نەداوە ئەو لایەنە تیرۆریستانەی کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە بەکاردەهێندرێن، دووبەرەکی بخەنە نێوانمان. ئەو ساڵە شوومانەی کە لەنێوچاوی کردە تیرۆریستییەکان هاتنە پێشمان، خەم و ئازاری هاوبەشی هەر هاووڵاتییەکمانە. تیرۆر بەدرێژایی چەندین ساڵ، تەنیا نەبووەتە هۆی گیانلەدەستدانمان، بەڵکو رەنج و ئومێد و خەونی هاوبەشیشی لێ دزین. لە نزیکەی پەنجا ساڵی مێژووی سەد ساڵەی کۆمارەکەماندا، وزەی خۆمان لەو بەڵایەی نێوخۆ خەرج کرد. ئەو پیلانە پیسانەی بە دەستی رێکخراوە جیاوازە تیرۆریستییەکان گێڕدران، بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر بووە گەورەترین رێگر لەبەردەم ئەوەی، وڵاتەکەمان ببێتە وڵاتێکی خۆشگوزەران و سەقامگیر و بەهێز. هەموومان بەیەکەوە گەواهیدەری ئەوە بووین کە، یەک رێکخراوی تیرۆریستی نا، بەڵکو چەندین پێکهاتە لە پشتی چەندین ناو و دەمامکەوە، بوونە بەربەست لەبەردەم وڵاتەکەمان. بێگومان ئەو رێکخراوانە، ئەو پێکهاتانە بوون کە شەڕی بەوەکالەتیان لە ناوچەکەدا دەکرد. لە چەندین وڵاتی چواردەورماندا هەوڵدرا بە دەستی ئەو پێکهاتانە ئاسایشی ناوچەکەمان تێکبدرێت. بووە هۆی دروستبوونی شەڕ و پێکدادان و کۆمەڵکوژیی نێوان گەلانی برا، بە ملیۆنان مرۆڤ ئاوارە بوون و بوونە پەنابەر. ئەم دۆخە، بەداخەوە بەدرێژایی چەندین ساڵ بووە بەربەست لەبەردەم ئەوەی، ئامانجی دیموکراسی و ئازادیخوازیی تورکیا رەگ دابکوتێت. ئەمڕۆ لە سایەی ئەو هەنگاوە پێداگر و یەکلاکەرەوانەی کە هەوڵەکانی کودەتای فەتۆیان پووچەڵ کردەوە و کاریگەریی رێکخراوی تیرۆریستییان نەهێشت، لەبەردەم دەستپێکی قۆناخێکی نوێداین. ئەو قۆناخە نوێیە، ناچارە ببێتە قۆناخێک کە تێیدا زیاتر قسە لەسەر سیاسەت، فیکر و ویژدان بکرێت. ئازاری ئەو دایکەی رۆڵەکەی لەدەستداوە، ئازاری ئەو دووکاندارەی ناچار بووە دووکانەکەی دابخات، ئازاری ئەو گوندنشینەی ناتوانێت بچێتە هاوینەهەوارەکەی، هەروەها ئازاری ئەو کارمەندەی حکومەتیش کە لە کاتی ئەرکەکەی گیانی سپاردووە و شەهید بووە، ئازاری هاوبەشی هەموومانە. بۆ ئەوە لێرەین، تاکو ئازارە هاوبەشەکانمان بۆ هیوا هاوبەشەکانمان بگۆڕین. ئەو کێشەیەی کە چەندین ساڵی خایاندووە، وای لە سیاسەت و دەوڵەت کردووە بە کاردانەوەی ئەمنییەوە مامەڵە بکات. بەڵام ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە لە پاڵ لایەنی ئەمنی، قسە لەسەر دەرفەتی ئازادی، یەکسانی و دادپەروەریش بکرێت، ئامانجێکی دیکەی لیژنەکە ئەوەیە. ئەو گەلانەی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی لێکجیاکرانەوە و بەربەست خرایە نێوانیان، ئیدی شایەنی ئەوەن بە دەنگێکی بەرزتر یەکدی ببیستن. هەر هەنگاوێک کە لەم جوگرافیا دێرینەدا دەینێین، دەبێت لە پێناوی بەهێزکردنی ئاشتی و برایەتیدا بێت. بۆیە لە راستیدا، تورکیای بێ تیرۆر واتە ناوچەیەکی بێ تیرۆر.
پەرلەمانتارانی هاوڕێ و قەدرگران، گەلی ئازیزم،
زۆر روونە کە برایەتیی کورد و تورک، کۆدێکی رەسەنی جوگرافیاکەمانە. ئێمە نەوەی ئەوانەین کە لە چاناککالە شانبەشانی یەکدی جەنگان. هاوچارەنووسی، هەر تەنیا ئەوە نییە لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا لە پشتی یەک بین؛ هاوچارەنووسی هاوکات ئەوەیە، لە ماندووبوون، لە ئازار و لە هیواشدا بەیەکەوە بین. دەزانین کە بەبێ تێگەیشتن لە سەڵاحەدینی ئەیوبی و نورەدین زەنگی، ناتوانین لە راستی و حەقیقەتی ئەم خاکە تێبگەین. هەروەها بەبێ تێگەیشتن لە کرۆکی ئەوەی ئاڵپئەرسڵان و کڵچئارسلان کردیان، ناتوانین لە پشتیوانیکردنی یەکدی تێبگەین. هەموویان لە سەردەمی خۆیاندا کەسایەتیی گەورە بوون کە بوونە پێشەنگ و هێمای دادپەروەری، برایەتی، پشتیوانی، هاوبەشی، هەروەها هاوبەشیکردنی خۆشی و ناخۆشی، بەکورتی، بوونە پێشەنگی ئەوەی، لەگەڵ گەلدا بەیەکەوە هەنگاو بنێین. ئەمڕۆش ئێمە ناچارین پشت بەو ئەقڵە ببەستین کە لە ناخی گەلەوە هەڵقوڵاوە، ئەو ژیرییە نیشتمانییە لەبەرچاو بگرین و مێژوو بە تێگەیشتنی ئەمڕۆ لێکبدەینەوە و ئاییندەمان بەم ئیرادەیە بنیات بنێین. سەرەڕای هەستیاریی بارودۆخی جیهانی و پێشهاتە هەرێمییەکان، ناچارین لە نێوخۆدا یەکڕیزیمان پتەوتر بکەین، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بەهێز بکەین و لە دەرەوەشدا پارێزگاری لە ئاشتیی هەرێمی بکەین. دەبێت بەرەی ناوخۆمان بەهێز بکەین و سەقامگیریی تورکیا لەسەر ئەقڵێکی سیاسیی رێکخراو دابمەزرێنین. لە سایەی ژیریی گەلەکەمان و پێداگریی دەوڵەتمانەوە، ئەو قۆناخە شوومەی کە رێگر بوو لەبەردەم وڵاتەکەمان، خەریکە کۆتاییدێت. پەرلەمان باڵاترین بنمیچی دیموکراسییە کە گوێبیستی راستییە، هەست بە کۆمەڵگا دەکات و نوێنەرایەتیی ویژدان دەکات. ئێمە لەم لیژنەیە رەنگە دەستوورێکی نوێ نەنووسینەوە، بەڵام رستەکانی برایەتی دادەڕێژین و پێکەوە کار دەکەین. پەرلەمانمان نەک هەر برایەتیی هەزار ساڵەمان بە بیر دێنێتەوە، بەڵکو لە ئاستی سیاسیشدا پێناسەی دەکاتەوە. دەبێت بزانرێت کە ئەو پرۆسەی چەکدانانەی گەواهیدەری بووین، هەرگیز دەرئەنجامی هیچ دانوستاندن و مامەڵەیەک نییە، بەڵکو دەرئەنجام و رەنگدانەوەی سووربوونی گەلەکەمانە لەسەر ئارامی و یەکڕیزی. ئەو پێشکەوتنانەی ئەمڕۆ شانازییان پێوە دەکەین، لە پێناوی لابردنی ئەو بەربەستەدایە کە رەنج و کاتی گەلی ئێمەیان دزی. ئەگەر گیرۆدەی بەڵای تیرۆر نەبووینایە، ئەگەر بەشێکی گرنگی بودجەکەمان بە درێژایی ساڵان لەبری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ گەشەپێدان تەرخان بکردایە، دەمێک بوو چەندین قوتابخانە، زانکۆ و نەخۆشخانەی دیکە بنیات دەنران. ژمارەیەکی زیاتری خوێندکار بە خوێندنێکی باشتر دەگەیشتن و ژمارەیەکی زیاتری خەڵکمان بە ئاسانتر و خێراتر دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەگەیشت. ئەو قۆناخەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، دەمانتوانی زۆر زووتر پێی بگەین. ئەو تەکنەلۆژیا بەرگرییانەی ئەمڕۆ شانازییان پێوە دەکەین، هەلیکۆپتەر و مانگە دەستکردەکانمان، ئەو ئاستەی لە پیشەسازیی بەرگریی نیشتمانیدا پێی گەیشتووین، رەنگە زۆر زووتر پێی بگەیشتینایە. بەڵام لە سەرووی هەموو ئەم زیانانەوە، قورسترین باجمان گیانلەدەستدان بووە. زیانە مەعنەوییەکان، ئازارە لەبیرنەکراوەکانمانن. ئازاری شەهیدەکانمان کە هەریەکەیان داخی خستە سەر دڵی خانەوادەیەک، ئازاری کەمئەندامانی سەنگەرمان کە هەریەکەیان تەمەنێکیان بەخشی... هەموو ئەو پاڵەوانانەی کە بە رۆح و گیانیان بەرگرییان لەم نیشتمانە کرد، ئەندازیاری مەعنەوی ئەو پرۆسەیەن کە ئەمڕۆ لێرە دەستمان پێیکردووە. رایدەگەیێنین، لە هەر هەنگاوێکدا کە بەرەو ئەو ئاراستەیەدا دەینێین، دڵسۆزانە پابەندی ئەمانەتی ئەوان دەبین. ئەم لیژنەیە سەکۆی هەموو کەسێکە کە بیەوێت دەنگی بگەیێنێت، بەو مەرجەی وشەی هاوبەشمان برایەتی، ئامانجی هاوبەشیشمان ئاشتی بێت. هیچ بابەتێک نییە لەژێر ئەم بنمیچەدا قسەی لەسەر نەکرێت، بەو مەرجەی ئامادەییمان تێدابێت بۆ ئەوەی گوێ لە یەکدی بگرین، بەو مەرجەی هەموو بۆچوونەکان، ئیرادەی یەکێتی و برایەتی لەخۆ بگرێت. جارێکی دیکە لەناخەوە سوپاسی هەموو ئەو کەس و دامەزراوە خاوەن ویژدانانەی دەکەم کە بەشێکن لەم پرۆسەیە. باوەڕمان وایە هەمووان سەلماندوویانە کە لە رەگ و بنچینەی ئەم گەلەدا برایەتی هەیە.
وەک چۆن ئاکیف لە شیعرێکیدا دەڵێت: "تا دووبەرەکی نەکەوێتە نێو گەلێکەوە، دوژمن ناتوانێت بچێتە ناویەوە. تا دڵەکان بەیەکەوە لێبدەن، تۆپ ناتوانێت تێکیان بشکێنێت." هەروەها نازم لە دێڕێکیدا دەڵێت: "وەک دارێک تەنها و ئازاد، و وەک دارستانێک برایانە". واتە ئەو برایەتییەی کە ئەرکە لەسەرمان و قەرزاریین بە دەستی سیاسەت بیهێنینە دی، پشت بە خودای گەورە دەبەستین و پێکەوە بەناو کۆمەڵگەدا بڵاوی دەکەینەوە. هەروەها، ئەگەر بە بیرۆکەکانی زانا و خواناسی گەورە و شاعیری مەزنی کوردی، ئەحمەدی خانی، دەری ببڕین کە دەڵێت: "ئەگەر دڵی گەلان لەگەڵ دادپەروەریدا لێبدات، دەبنە میللەت." زمان دەگۆڕێت، جلوبەرگ دەگۆڕێت، جوگرافیا دەگۆڕێت، بەڵام هەستە هاوبەشەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.
پەرلەمانتارانی هاوڕێ و ئازیز، رۆژنامەڤانانی بەڕێز
گەیشتنی داواکارییەکانی گەل لە زەمینەی سیاسیدا، بەڕێوەبردنی تەندروستیی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکان، بۆ سەقامگیری و ئارامی زۆر پێویستە. لەم روانگەیەوە، رێڕەوی راستی گفتوگۆ بریتییە لە پەرلەمان و ئەو لیژنەیەی کە دامانمەزراندووە. چونکە ئەو شوێنەی نوێنەرایەتیی تەواوی گەل دەکات و هەموو بیر و ناسنامەیەک دەتوانێت قسەی خۆی تێدا بکات، هەر ئەم شوێنەیە. دەمەوێت سەرنجتان بۆ شتێک رابکێشم، ئەمڕۆ لێرە نەک تەنها پارتە سیاسییە خاوەن فراکسیۆنەکان، بەڵکو نوێنەری هەموو ئەو پارتە سیاسیانەی کە لە پەرلەماندا نوێنەرایەتییان هەیە، ئامادەن. دەتوانین بڵێین ئەم هۆڵە رەنگدانەوەی ئیرادەیەکی سیاسییە کە نوێنەرایەتی 98٪ی کۆمەڵگەی تێدا دەکرێت. هەموو زانیارییەک و هەنگاوێک بە شێوەیەکی شەفاف و گشتگیر کاری لەسەر دەکرێت. هەموو کارێک کە لەژێر ئەم بنمیچەدا بەڕێوە دەچێت، لەبەرچاوی گەل و بە گەرەنتیی ئیرادەی گەلەوە بەردەوام دەبێت. هەر بۆیە ناچارین لە یەکەم رۆژەوە بنەماکانی کارکردنی لیژنەکە بە شێوەیەکی ئاشکرا بخەینەڕوو. بێگومان یەکەمیان شەفافیەتە. چونکە گەلەکەمان مافی ئەوەی هەیە هەموو هەنگاوێک بزانێت، ئاگاداری ئەو شتانە بێت کە لە هەر هەنگاوێکدا کاری بۆ دەکرێت. بنەمایەکی دیکەمان دەبێت راشکاوی بێت. چونکە ئامانجە شاراواکان و بەرژەوەندییە پەنهانەکان هیچ سوودێکیان بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی نییە. سێیەم بنەمای سەرەکیمان بێگومان دەبێت فرەیی بێت. چونکە ئەم خاکە بە فرەدەنگی و فرەکولتوورییەوە مانادارە, نەک بە تەنیا یەک رەنگ.
پەرلەمانتارانی هاوڕێ و ئازیز
ئاگادارکردنەوەی رای گشتی و میدیاکان سەبارەت بە کارەکانی لیژنە، تەنها لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە دەبێت. چونکە رێگریکردن لەو لێدوانانەی کە رەنگە پرۆسەکە ژەهراوی بکەن و ببنە هۆی بەلاڕێدابردنی، یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم لیژنەیە. هەر بۆیە، ئاگادارکردنەوەی رای گشتی لە کاتی خۆیدا و پێدانی زانیاریی دروست لەڕێگەی میدیاکانمانەوە لە کات و شوێنی گونجاودا، دەبێت یەکێک بێت لە کارە لەپێشینەکانمان. ئەو بابەتانەی کە لەم لیژنەیەدا تاوتوێی دەکەین، واتە ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە کۆتاییهاتنی تیرۆر لە تورکیا، بابەتگەلێک نین لەژێر رکێفی هیچ پارتێکی سیاسییەوە بن. ئەم پرۆسەیە کێشەیەکی مانەوەیە کە پەیوەندی بە داهاتووی هاوبەشی تورک و کورد و هاووڵاتیانی هەموو چین و توێژەکانەوە هەیە. جارێکی دیکە ئەمە دەڵێمەوە، ئەم پرۆسەیە کێشەیەکی مانەوەیە کە پەیوەندی بە داهاتووی هاوبەشی تورک و کورد و هاووڵاتیانی هەموو چین و توێژەکانەوە هەیە. هەر بۆیە لیژنەکەمان وەک دەستەیەکی راوێژکاریی گفتوگۆ مامەڵە دەکات. لەم چوارچێوەیەدا بەو تێگەیشتنەوە کاردەکات کە بیرۆکە و هەستی جیاواز لە هزری هاوبەشدا یەکبخات. لەنێو ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی لیژنەکەدا، بەتایبەتی بەدواداچوونی پرۆسەی چەکدانان گرنگییەکی زۆری هەیە. پێویستە بە وردی چاودێریی ئەم پرۆسەیە بکرێت لە چوارچێوەی یاسایی و بنەمای کۆمەڵایەتی و سیاسییدا، هەروەها ئاراستە بکرێت و لە کاتی پێویستدا پێشنیاز پێشکەش بکرێت.
لێرەدا دەمەوێت جەخت لە خاڵێکی گرنگ بکەمەوە، بێگومان یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبردنێکی باشی سایکۆلۆژیی کۆمەڵایەتییە. بۆ ئەوەی ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو بن، ئاراستەکردنێکی دروست و بەجێی سایکۆلۆژیی کۆمەڵایەتی، ئەرکێکی گرنگە لە رووی دڵنیابوون لە بەشداریی توێژە کۆمەڵایەتییەکان و توێژە جیاوازەکان لە پرۆسەکەدا. ئەمە هەنگاوێکە کە لە هەمان کاتدا رێزێکی کۆمەڵایەتیی بەهێز و دوولایەنە دروست دەکات. دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەو زمانەی شکۆی کورد ناپارێزێت و ئەو گوتارەی شکۆی تورک بە هیچ سەیر دەکات، دەبنە هۆی درز و ناکۆکیی نوێ، نەوەک ئاشتی. ئامانجی ئێمە تەنها یەکگرتن نییە لەسەر کەمترین خاڵە هاوبەشەکان، ئێمە لێرەین بۆ پتەوکردنی بەهێزترین بنەمای بەیەکەوەژیان. لیژنەکە دەبێتە زەمینەیەکی بەهێز کە بیرۆکە و چاوەڕوانی و بۆچوونی جیاواز تێیدا دژی یەک ناوەستنەوە، بەڵکو ئیرادەی بەیەکەوەژیان دروست دەکرێت. دوای ئەوەی چەکەکان بەتەواوی دانران، پێشنیازکردنی چاکسازییە یاساییەکان کە رۆڵیان لە بەرقەرارکردنی ئاشتیی هەمیشەیی هەیە، یەکێکە لە ئەرکەکانی ئەم لیژنەیە. هەروەها پەرەپێدانی پێشنیازەکان و پێشکەشکردنی راپۆرت و شیکردنەوە بەپێی پێویستییە نوێیەکان و گواستنەوەیان بۆ ئیرادەی گشتیی پەرلەمان، ئەرکی سەرەکیی ئەم پێکهاتەیەیە.
پەرلەمانتارانی هاوڕێ و بەڕێز، رۆژنامەڤانانی ئازیز، گەلە خۆشەویستەکەم
هێزی مەعنەوی و ئەزموونی مێژوویی و پێکهاتەی نوێنەرایەتیی پەرلەمان، بەهێزترین قەڵخانمان دەبێت دژی هەموو هاندان و ئاژاوەگێڕییەک. بێگومان هاندان و ئاژاوەگێڕی هەمیشە و لە هەموو سەردەمێکدا روودەدات. گرنگترین هۆکار بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی ناوخۆ و دەرەوە، پێکهاتە دیموکراسییە فرەییەکەی ئێمەیە. هەر بۆیە نەک تەنها دامەزراوەی سیاسی، بەڵکو سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەش بەشدار دەبن لە کارەکانماندا. بەشداریی کەسایەتییە کاریگەرەکان، زانکۆکان، کۆمەڵگەی یاسایی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەم بابەتانەدا بەهادار دەبێت. دەزگاکانی راگەیاندن ئەرکیان ئەوەیە دوور لە بابەتی بێبایەخی سیاسی، زانیاریی راست بە خەڵک بدەن؛ ئەکادیمیا ئەرکیەتی بابەتەکە بە شێوەیەکی هێمن و لە چوارچێوەیەکی زانستیدا روون بکاتەوە؛ کۆمەڵگەی مەدەنی ئەرکیەتی پێداویستییەکانی مەیدانەکە بخاتەڕوو. نابێت رۆڵی هیچ کەسێک پەراوێز بخرێت، نابێت هیچ بیرۆکەیەک فەرامۆش بکرێت. چونکە ئێمە دەمانەوێت یەکێتی و برایەتییەک دروست بکەین کە هەموو ئەم گەلە لەخۆ بگرێت. هەر پەرلەمانتارێکمان کە لە پەرلەمان کار دەکات، سەر بە هەر پارت و ناوچەیەک بێت، بەو تێگەیشتنەوە کاردەکات کە لە پێناوی گەلەکەمان بەشداری لەم کارانەدا دەکات. لە ئەنجامدا، ئەم مێزە بە ویژدان و عەقڵ و دانایی و باوەڕی گەل دامەزراوە. باوەڕم وایە تورکیا بە ئاشتی و یەکپارچەیی و دیموکراسی و برایەتی بەهێزتر دەبێت. بەیەکەوە تورکیایەکی دیموکراسی و فرەیی و تورکیایەک کە هەمووان هەست بە سەربەخۆبوونی خۆیان بکەن، بنیات دەنێین. لیژنەکەمان نوێنەرایەتیی تێگەیشتنێک دەکات کە تێیدا حەقیقەت فەرامۆش ناکات، نکۆڵی لە هەستەکان ناکات، هەروەها تێیدا سیاسەت بوێریی دۆزینەوەی چارەسەری هەیە. هەر وشەیەک لێرە بگوترێت، بە زمانی برایەتی و بە دەنگی ویژدان دادەڕێژرێت. هەر ناسنامەیەک رەنگی رەسەنی گەلەکەمانە. هیچ هاووڵاتییەکمان بەهۆی ناسنامە و زمان و باوەڕەکەیەوە جیاکاریی بەرامبەر ناکرێت. لەم پێناوەدا تا کۆتایی پابەندی ئیرادەی گەلین. باوەڕم وایە لیژنەکەمان ئەم ئەرکە مێژووییە کە لە چوارچێوەی یەکێتیی نیشتمانی و برایەتیدا بەڕێوەدەچێت، بە شایستەیی بەجێدەگەیێنێت. نیازمان پاکە، قسەمان بەهێزە، ئاسۆمان کراوەیە، کاتمان پڕ بەرەکەت بێت و برایەتیمان هەمیشەیی بێت. باوەڕمان تەواوە. خوای گەورە یارمەتیدەر و پشتیوانمان بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ