رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'' کۆتاییهات. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و بەرپرسی هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا (میت) راپۆرتی خۆیان پێشکێشی لیژنەکە کرد.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی 8ی ئابی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، دووەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، 5 کاژێر و نیوی خایاند.
لە کۆبوونەوەکەدا عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) ئامادە بوون.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، هەر سێ بەرپرسی ئامادەبوو راپۆرتی خۆیان لە بوارەکانی ئاسایش، بەرگری و هەواڵگری پێشکێشی لیژنەکە کرد و وەڵامی پرسیاری ئەندامانی لیژنەکەیان دایەوە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا راشیگەیاند، سێیەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە، کاژێر 14:00ی رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
''لیژنەی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'' کە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، تاوەکو ئێستا دوو کۆبوونەوەی کردووە و کۆبوونەوەکانیش لە رۆژانی سێشەممە و هەینیی ئەم هەفتەیە بەڕێوەچوون.
ئەگەرچی بڕیاردراوە لیژنەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک کۆببێتەوە، بەڵام دەکرێت بەپێی پێویست ئەو رۆژانە بگۆڕدرێن و ژمارەی کۆبوونەوەکانیش بۆ یەک رۆژ کەم بکرێنەوە.
ئەو لیژنەیە لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ