دوو ئاگر لە دارستانەکانی چاناکالەی تورکیا کەوتوونەتەوە؛ چەندین گوند چۆڵکراون

08-08-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو ئاگر لە دارستانەکانی چاناکالەی تورکیا کەوتوونەتەوە و بەو هۆیەوە چەندین گوند چۆڵکراون، هەروەها چوار کەسیش دەستگیر کراون کە گومان دەکرێت دەستیان لە کەوتنەوەی ئاگرەکاندا هەبووبێت.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 8ی ئابی 2025 ئاگر لە زەوییەکی کشتوکاڵی لە سنووری گوندی ساریجائەلی لە پارێزگای چاناکالە کەوتەوە، دواتریش بۆ ناوچە دارستانییەکان تەشەنەی سەند.
 
ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری دارستانەکانی تورکیا ئەمشەو هەینی، لە چاناکالە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بەهۆی کاریگەریی ئاگرەکەوە 131 کەسیان لە نەخۆشخانەیەک، ناوەندێکی هاوکاریکردنی نیڤشکان و دەزگایەکی راگەیاندن گواستووەتەوە بۆ شوێنی سەلامەت.
 
دوای چەند خولەکێک لە کەوتنەوەی ئەو ئاگرە، ئاگرێکی دیکە لە سنووری گوندی یغیتلەری سەر بە شارۆچکەی بایرامئیچ لە پارێزگەکە کەوتەوە و ئەویش بۆ ناوچە دارستانییەکان تەشەنەی سەند.
 
بە گوتەی یوماکڵی، گوندەکانی زەیتینلی، پترئەللی، ساچاکڵی، ئەحمەدچەلی و دۆغانجا سەر بە شارۆچکەکە وەک رێکاری سەلامەتی چۆڵکراون و 654 هاووڵاتی بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە.
 
هەر بەهۆی ئەو ئاگرەوە چەندین خانووی گوندی ساچاکڵیی سەر بە شارۆچکەکە بەتەواوی سووتان.
 
 
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا، ئاگرەکان هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە، بەڵام 24 کەس بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەی شارۆچکەی بایرامیچەوە تەندروستییان تێکچووە و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و بەشێکیان ئێستا چارەسەر وەردەگرن.
 
یوماکڵی گوتیشی، جگە لە تیمەکانی ئاسایش و بەرگریی شارستانیی چاناکالە، تیمەکانی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد)ش لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکاندان و بەشێکی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
 
بە گوتەی یوماکڵی، لە ڕێگەی 11 فڕۆکە، 9 هەلیکۆپتەر، 92 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 6 ئامێری تایبەت بە ئاگرکوژێنەوە و 541 کارمەندەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەدەن.
 
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا راشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکان دەستیپێکردووە و چوار کەس دەستگیرکراون.
 
بە گوتەی یوماکڵی، هەر ئەمڕۆ هەینی 42 ئاگر لە بەشێکی دارستانەکانی چەند پارێزگەیەکی تورکیا کەوتنەوە و دواتریش لەلایەن تیمەکانەوە کۆنترۆڵ کران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.