رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو کاتی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی ئیمرالیی دەم پارتی دەستنیشان دەکەن. لەبارەی پرۆسەی چارەسەریش ئاماژە بەوە دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی لەنزیکەوە چاودێری دەکەن.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 9ی تەممووزی 2025 بەر لە دەستپپێکردنی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، وەزارەتی بەرگری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی ''لەنزیکەوە و بەهەستیاری'' چاودێری پرۆسەی چارەسەری دەکەن.
سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، هەفتەی داهاتوو رۆژ و کاتەکەی دیاری دەکەن.
بڕیار بوو دوێنێ سێشەممە، تونچ و شاندەکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەکە کۆببنەوە. بەڵام کۆبوونەوەکە، بەهۆی بەشداریکردنی وەزیری دادی تورکیا لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی 12 سەربازی وڵاتەکە کە لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان بە گازی میسان گیانیان لەدەستدابوو، دواخرا.
پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری لە تورکیا
لە یەکی تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
دوێنێ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگادار کراوینەتەوە کە رۆژی هەینی 11ـی تەممووز، رێوڕەسمی چەکدانانەکە بەڕێوەدەچێت".
ئەگەرچی بڕیار بوو رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی میدیاکان بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پەکەکەیە، رایگەیاند، بەهۆی بارودۆخی "ئەمنی"ـەوە رۆژنامەڤانان ناتوانن راستەوخۆ لە گۆڕەپانی رێوڕەسمەکە ئامادە بن و پەخشی راستەوخۆش ناکرێت".
لە راگەیێندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە: "لە جێگایەکی نزیک رێوڕەسمەکە شاشەیەکی گەورە ئامادە دەکرێت، لە دوای رێوڕەسمەکە دیمەنی تۆمارکراو لەو شاشەیە پێشان دەدرێت؛ تاکە رێگەیە رۆژنامەڤانان بتوانن زانیاری لێوە وەربگرن".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە 19ی حوزەیرانی ئەم ساڵ تۆمارکراوە و ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە دەڵێت: "دروستكردنی میكانیزمی چهكدانان پرۆسهكه بهرهو پێشهوه دهبات. ئهوەی دەکرێت ههنگاوێكی دڵخوازانهیه له قۆناخی تێكۆشانی چهكدارییهوه بهرهو قۆناخی ماف و سیاسهتی دیموكراسییانه. ئهمه به شكست نا، بهڵكو دهبێت به سهركهوتنێكی مێژوویی ببیندرێت''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ