دەم پارتی: بەدیموکراسیبوونی تورکیا پەیوەستە بە چارەسەرکردنی پرسی کورد

09-08-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، چاوەڕوانییان لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا ئەوەیە پرۆسەی چارەسەری وەک ''هەلێک'' بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد ببینن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''بەدیموکراسیبوونی تورکیا پەیوەستە بە چارەسەرکردنی پرسی کورد''.
 
تەمەل تەیب، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی، شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، چاوەڕوانییان لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا ئەوەیە، پرۆسەی چارەسەری وەک ''هەلێک'' بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد ببینن، گوتیشی: ''پێویستە ئەو راستییە بزانن کە بەدیموکراسیبوونی تورکیاش پەیوەستە بە چارەسەرکردنی پرسی کورد. دەکرێ هەندێک لایەنی بچووک هەبن بیانەوێ بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکەن، بەڵام ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی دەیەوێ لە ئاییندەدا دەسەڵات بگرێتەدەست، نابێت بەو جۆرە بکات''.
 
یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە مامەڵەی حکومەتی تورکیا لەبارەی پرۆسەکە دەڵێ: ''چاوەڕوانیمان لە دەسەڵات ئەوەیە، واز لەو بیرکردنەوەیە بێنێت کە پێی وایە پرۆسەکە هەر تەنیا چەکدانانە و بەس. بەڵێ، بەشێکی گەورەی پرۆسەکە چەک و شەڕوپێکدادانە، بەڵام ئەمانە هۆکاری خۆیان هەیە؛ هۆکارەکەش بوونی پرسی کوردە''.
 
تەمەل تەیب باسی لەوە کرد، پێویستە حکومەتی تورکیا ''زمانی سیاسەت و میدیای بگۆڕێ'' و واز لە دەستەواژەی ''تیرۆر'' بهێنێت؛ گوتیشی: ''گۆڕانی زمان دەبێتە مایەی گۆڕانی هزری حکومەتی تورکیا لە بەرامبەر کورد''.
 
1ی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا. 
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.