رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە، دەبێتە ''هەنگاوێکی مێژوویی'' و رۆڵی لە کۆتاییهاتنی شەڕی گەریلاکانی ئەو پارتە و سوپای تورکیا دەبێت.
تەیب تەمەل، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی، شەوی پێنجشەممە، 10ی تەممووزی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکەی کە بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبچێت، بە ''هەنگاوێکی مێژوویی'' وەسف کرد.
تەمەل پێیوایە، رێوڕەسمەکە دەبێتە ''خاڵێکی وەچەرخان'' و رۆڵێکی گرنگی لە کۆتاییهاتنی شەڕی چەند دەیەیەی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا دەبێت.
یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، بە بەڕێوەچوونی ئەو رێوڕەسمە سیمبوولییە، هیچ ''بیانوویەک'' بۆ سەرنەخستنی پرۆسەی چارەسەری لە بەردەم حکومەتی تورکیا نامێنێتەوە.
تەمەل ئێستا لەنێو ئەو شاندەی دەم پارتییە کە دوێنێ پێنجشەممە هاتنە هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆش لە رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە ئامادە دەبن.
بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، گرووپێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێوڕەسمێکدا بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان دابنێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ژمارەی ئەو گەریلایانە 33یان 44کەس دەبن و دواتریش چەکەکانیان لەنێودەبرێن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12مین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ