حکومەت و حیزبەکانی تورکیا لەبارەی چەکدانانی پەکەکە رای جیاوازیان هەیە

12-05-2025
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن چەکدانانی پەکەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکردن: هێمن عەساف و هەوار ئیسماعیل
 
بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، بووەتە گەرمترین باس لە تورکیا و باکووری کوردستان. بەرپرسانی حکومەت و حیزبەکان، رای جیاوازیان لەبارەی بڕیارەکە و پرۆسەی ئاشتی و سەرکەوتنی هەیە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا سووریایی و ئوردنییەکەی کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان کرد. فیدان، بەشێکی قسەکانی تایبەت کرد بە بڕیارەکەی پەکەکە.
 
'بڕیارەکەی پەکەکە گرنگ و مێژووییە'
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بڕیارەکەی پەکەکە کرد و گوتی، "بڕیارەکەی پەکەکە گرنگ و مێژووییە، بەتایبەتی هۆکارە بۆئەوەی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی لە ناوچەکەماندا زاڵ بێت. پێموایە بڕیارێکی گرنگە."
 
فیدان ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای ئەم بڕیارە، پێویستە هەنگاوی کردەیی بەدوایدا بێت، لەنزیکەوە چاودێریی دەکەین و بەدواداچوونیان بۆ دەکەین. 20 ساڵە بازنەی دیموکراسی، ئازادی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیریمان فراوان کردووە و کار بۆ فراوانتربوونیشی دەکەین، کە رەنگدانەوەی بەسەر وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکەش هەبووە."
 
'جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەبێتە خێر و خۆشی بۆ هەمووان'
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەی خستەڕوو، "لە ئەگەری جێبەجێکردنی راست و دروستیی بڕیارەکە و رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی دیکەش، بۆ هاووڵاتییانمان و بۆ داهاتوومان و بۆ هەمووان دەبێتە خێر و خۆشی."
 
هاکان فیدان، ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە پرۆسەکە "بە بانگەوازی بەڕێز باخچەلی و ئیرادەی بەهێزی سەرۆککۆمار بەڕێوەچوو و رێکخراویش وەڵامی ئەرێنیی بانگەواز و داواکارییەکانی دایەوە."
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، پرۆسەکە هەنگاوی کردەیی زۆری ماوە پێویستە بنرێن و بابەتی زۆر ماوە بکرێن، "ئەم ئێوارەیە کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمارمان کۆدەبێتەوە و بڕیارەکە لە هەموو روویەکەوە گەنگەشە دەکرێت، سەرۆککۆمار هەڵسەنگاندنی کۆتایی دەکات و بۆ رای گشتی بڵاوی دەکاتەوە."
 
وەزیری دادی تورکیا: وڵاتەکەمان بەردەوام دەبێت لە رۆیشتن بەسەر رێگەی دیموکراسیدا
 
وەزیری دادی تورکیا سەبارەت بە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە دەڵێت، وڵاتەکەیان بە هەنگاوی دڵنیاییەوە بەردەوام دەبێت لە رۆیشتن لەسەر رێگەی دیموکراسی ستاندارد و بەرز.
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس رایگەیاند، "وڵاتەکەمان، تاریکیی تیرۆر لەپشت خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ئامانجی (تورکیای بێ تیرۆر) بەردەوام دەبێت لە زیندوو راگرتنی بەها سەرەکییەکانی کۆمارەکەمان. بەردەوام دەبێت لە بەرەوپێشچوون بەرەو رووناکیی برایەتی و سەقامگیری."
 
تونچ ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە لە قۆناخێکی گرنگداین لە رزگاربوون لەو دەردە تیرۆرەی کە یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکان لەبەردەم پێشکەوتنی وڵاتەکەمان، یەکگرتوویی و یەکدەنگیی وڵاتەکەمان."
 
ئاکپارتی: خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و وازهێنان لە چەک، قۆناخێکی گرنگە 
 
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی دەڵێت، بڕیاری پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و وازهێنان لە چەک، قۆناخێکی گرنگە بۆ ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر."
 
عومەر چەلیک، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "دوای ئەو بانگەوازەی لە ئیمرالییەوە کرا، بڕیاری پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و وازهێنان لە چەک، قۆناخێکی گرنگە بۆ ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر. ئەگەر تیرۆر بە تەواوی کۆتایی بێت، دەرگای قۆناخێکی نوێ دەکرێتەوە."
 
ئاکپارتی: پێویستە هەموو لق و پاشکۆکانی پەکەکە دابخرێن
 
چەلیک دەڵێت، "پێویستە ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ بکرێت و بە هەموو لایەنەکانیەوە بێتەدی. بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکان دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان، بە جۆرێک کە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی و هەموو لق و پاشکۆکانی پەکەکە و پێکهاتە نایاساییەکانی دابخات."
 
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، "ئەم پرۆسەیە لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە لە گۆڕەپاندا بە وردی چاودێری دەکرێت. ئەو قۆناخانەی پێی گەیشتووە بە بەڕێز سەرۆککۆمار دەگەیێندرێت. پێویستە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و وازهێنان لە چەک بەهەموو لایەنەکانییەوە و بە شێوەیەکی کۆنکرێتی لە ناوەوە و دەرەوە جێبەجێ بکرێت. بەم شێوەیە، هەنگاوێکی ئەرێنی دێتە پێشەوە بۆ رێگرتن لە پلانە ئیمپریالیستییەکان کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ شەڕی بەوەکالەت لە ناوچە نزیکەکانماندا بەکاردەهێنرێن."
 
بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی: پرۆسەکە بەپێی میکانیزمێکی دیاریکراو جێبەجێ دەکرێت
 
بریکاری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا-ئاکپارتی رایگەیاند، "قۆناخێکی زۆر گرنگ لە رێگەی تورکیایەکی بێ تیرۆر تێپەڕێندرا. لە کۆتاییدا رێکخراوی تیرۆریستی بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا."
 
ئەفکان ئالا ئاماژەی بەوەکرد، "قۆناخێکی گرنگ بۆ کۆتاییهێنان بە پێکهاتە نایاساییەکان و لەناوبردنیان دەستی پێکرد."
 
بەبێ ئاشکراکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆسەی دانانی چەک و هەنگاونان بۆ پرۆسەی ئاشتی، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی لە پەیامەیەکدا نووسیویەتی، "لەم قۆناخە گرنگەی پێی گەیشتووین، بەپێی میکانیزمێکی پێویست و دیاریکراو، کارەکان بەڕێوەدەچن و پرۆسەکە جێبەجێ دەکرێت."
 
سەرۆکی دەڤا: پێویستە هەموو ئەندامانی پەکەکە دەستبەجێ چەک دابنێن
 
سەرۆکی پارتی پێشکەوتن دیموکراسی (دەڤا) دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رایگەیاند، پێویستە هەموو ئەندامانی پەکەکە بەبێ جیاوازی و وابەستەیی رێکخراوەییان، دەستبەجێ بەپێی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، دەست لە چەک هەڵبگرن.
 
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، پەیامێکی تایبەتی لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "کۆتاییهاتنی تیرۆر و تووندوتیژی تەنیا خزمەت بە تورکیا ناکات، بگرە ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێنێتەوە."
 
سەرۆکی پارتی پێشکەوتن دیموکراسی رایگەیاند، "چاوەڕێ دەکەین هەموو ئەندامانی تیرۆر، بەبێ جیاوازی و بێ گوێدانە وابەستەیی رێکخراوەییان، دەستبەجێ و بە شێوەیەک کە هیچ گومانێک دروست نەکات، بەپێی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، دەست لە چەک هەڵبگرن."
 
باباجان ئاماژەی بە مەترسییەکانی پرۆسەکە کرد و رایگەیاند، "دەبێت زۆر وریابین لە کۆی هەموو مەترسییەکان، بە تایبەتی ئەو مەترسییانەی کە لە سووریاوە سەرچاوە دەگرن، دژی هەموو ئەو هەوڵانەی ئاژاوە و دووبەرەکیی دەخەنە نێو یەکگرتوویی و تەباییمان کە هەزار ساڵە لەسەر ئەم خاکە بوونی هەیە و هەزاران ساڵی دیکەش بەردەوام دەبێت."
 
عەلی باباجان ئەوەشی خستەڕوو، "ئێستا لەبەردەم تورکیادا دەرفەتێکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی ماف و ئازادی هەموو هاووڵاتییان زیندوو بکرێتەوە."
 
هەروەها نووسیویەتی، "ئێمە وەکو پارتی دەڤا، هەڵوێستمان روونە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەما و ژێرخانی سیاسەتی دیموکراسییانەی رەوا و گەیشتن بە ئامانجی دەوڵەتێکی یاسایی کە پشتی بە مافەکانی مرۆڤ بەستبێت."
 
دەم پارتی: داواکاریی یەکەم و سەرەکیمان ئازادیی فیزیکیی ئۆجەلانە
 
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە بە "بڕیارێکی مێژوویی" ناودەبات و دەڵێت، "گەلی کورد لە 40 ساڵی رابردوودا باجی قورسی دا و بەم بڕیارە مێژووییە قۆناخێکی نوێ دەستیپێکرد."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 11:00ی رووداو بوو.
 
ئایدەنیز گوتی، "پێویستە ئەمڕۆ هەر چوار پارچەی کوردستان لە رۆڵی خۆی باش تێبگات و بەرپرسیارێتیی خۆی لەئاست ئەم بڕیارە جێبەجێ بکات."
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "پرۆسەکە بە شێوەیەکی دوولایەنە بەردەوامە و لایەنێکی پرۆسەکە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. بەو هۆیەوە داواکاری یەکەم و سەرەکیمان وەکو دەم پارتی ئەوەیە کە ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان رووبدات."
 
ئایدەنیز باسی لەوەش کرد، "گرنگە یاساکان بگۆڕدرێن. هەروەها گرنگە لیژنەیەک بۆ سەرجەم یاسا نادیموکراسییەکانی تورکیا بە بەشداریی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمانی تورکیادا پێکبهێندرێت، لەو چوارچێوەیەدا خەباتی دیموکراسی بەڕێوەبچێت."
 
پەروین بوڵدان: قۆناخێکی نوێ دەستیپێکرد کە ئاشتی تێیدا تاجدار دەکەین
 
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەڵێت، بە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە قۆناخێکی نوێ دەستیپێکردووە تاج دەخرێتە سەری ئاشتی.
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی بۆ میدیای تورکیا قسەی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، "ساڵانێک (شەڕ) تاقی دەکرایەوە، بەڵام ئەنجامی نەبوو. ئەمڕۆ کەشێک هاتووەتە ئاراوە کە بە هیواوە لە ئامێزی دەگرین. قۆناخێکی نوێ دەستیپێکرد کە تەلە دڕکاوییەکان لادەبەین و ئاشتی تاجدار دەکەین. خۆزگە سری سورەییا ئۆندەر دەیتوانی ئەمە ببینێت، با ببێتە مایەی خێر."
 
داودئۆغڵو: پێویستە سەرۆککۆماری تورکیا نەخشەڕێگەی دوای ئەم قۆناخە رابگەیێنێت
 
سەرۆکی پارتی ئاییندە دەڵێت، پێویستە سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێک پێشکێشی رای گشتی بکات و نەخشەڕێگەی دوای ئەم قۆناخە رابگەیێنێت.
 
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە رایگەیاند، "بڕیارێکی مێژووییە، 7 مانگە کار دەکرێت بۆ دانانی ژێرخانی ئەم بڕیارە. هەرچەندە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە زۆر گرنگە، بەڵام لەمەش گرنگتر چۆنێتی جێبەجێکردنیەتی. چیدی باسی فیدراڵی، کۆنفیدراڵی و جیابوونەوە لە مژاری تورکیا نامێنێت. کورد و تورک پێکەوە کار بۆ داهاتووی تورکیایەکی بەهێز دەکەن."
 
راشیگەیاند، خۆی کەسێکی کاریگەر بووە لە پرۆسەی یەکەم و ئێستاش وەکو ئۆپۆزیسیۆنێک پشتیوانیی تەواو لە پرۆسەکە دەکات.
 
داودئۆغڵو ستایشی رۆڵی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) کرد و رایگەیاند، میت لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەدا رۆڵێکی زۆر کاریگەر و ئەرێنی هەبوو.
 
سەرۆکی پارتی ئاییندە گوتیشی، "پێویستە و مەرجە سەرۆککۆمار دوای راگەیاندنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، گوتارێک بۆ رای گشتیی پێشکێش بکات و نەخشەڕێگەی دوای ئەم قۆناخە رابگەیێنێت. گوتاری سەرۆککۆمار لە رووی دەروونییەوە بۆ هاووڵاتییان زۆر گرنگە هەروەها ئاسۆیەک دەبێت بۆ نیشاندانی جدیەتی دەوڵەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد."
 
سەبارەت بە میکانیزمی چەک دانان، سەرۆکی پارتی ئاییندە رایگەیاند، لەمەودوا قۆناخی دەروونی زۆر کاریگەر دەبێت، پێویستە کۆمسیۆنێکی نێودەوڵەتیی دابمەزرێت. رادەستکردنی چەکەکان راستەوخۆ و ئاشکرا بێت هەموو جیهان بیبینێت. میلـلەت لەم قۆناخەدا مافی خۆیەتی باوەڕنەکات، بۆیە پێویستە بە چاوی خۆی راستەوخۆ هەموو شتێک بیبینێت.
 
باسی لەوەش کرد، "نابێت ئەزموونی پرۆسەی یەکەم دووبارە ببێتەوە کە لە ساڵی 2013 کرا. چەکەکان پێویستە بە شێوەیەک لەناو ببرێت بە هیچ شێوەیەک دووبارە بەکارنەهێندرێتەوە. لەمەش گرنگتر وادەیەک رابگەیێندرێت بۆ رادەستکردنەوەی چەکەکان کە درێژخایەن نەبێت، بەپێچەوانەوە بە زووترین کات بکرێت."
 
ئەوەشی خستەڕوو، لە پرۆسەی دانانی چەک دەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێک بن لێی، بەهۆی ئەوەی پێگەی سەرەکیی پەکەکە لە عێراقە.
 
سەبارەت بە چارەنووسی بڕیاربەدەستانی پەکەکە، ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند، هەرچەندە نازاندرێت دەوڵەت چ بڕیارێکی لەمبارەیەوە داوە یان دەدات، بەڵام ئەوەی دەگوزەرێت، سەرکردەکانی پەکەکە دەچنە وڵاتی سێیەم کە ژمارەیان لەنێوان 30 - 50 کەس دەبێت. گوتی، "بەڵام نابێت ببرێنە وڵاتێک، لە داهاتوودا وڵاتەکە ئەو کەسانە وەکو کارتی گوشار لە دژی تورکیا بەکاربهێنێت، بۆ نموونە دەکرێت لە سلێمانی یان لە بەغدا بمێننەوە. دەکرێت لە قەتەر یان نەرویج بن."
 
سەرۆکی راوێژکارانی ئەردۆغان: کۆماری تورکیا دەوڵەتی نەتەوەیی کوردیشە
 
سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە رایگەیاند، "کورد وەکو بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی تورک، دامەزرێنەر و خاوەنی ھەمیشەیی کۆماری تورکیایە و دەوڵەتی کۆماری تورکیا دەوڵەتی نەتەوەیی کوردیشە."
 
محەممەد ئوچووم، سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا، کە لە هەمانکاتدا بریکاری سەرۆکی دەستەی سیاسەتە یاساییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیایە، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، راگەیێندراوێکی بە ناونیشانی "تورکیای بێ تیرۆر جێبەجێ دەکرێت" بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، لە بوارەکانی دیموکراسی و یاسادا چاکسازیی فراوان دەکرێت و بەم شێوەیە کۆماری تورکیا پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێوە.
 
ئوچووم دەڵێ، "میللـەت لەبەر ئەوەی چەمکێکە رابردوو، ئەمڕۆ و داھاتوو لەخۆدەگرێت، ئەم بنەمایە ئەمڕۆش بە ھەمان شێوە جێبەجێ دەکرێت، واتە بنەمای میللـەتی تورکیا، گەلی تورکیایە. فرەڕەنگیی گەلی تورکیا گەرەنتیی یەکێتیی میللـەتی تورکە. ئەمڕۆ ئەو رۆژانەن کە ھەموو بەشەکانی تورکیا بە تورک، کورد، چەرکەز، عەرەب، عەلەوی، سوننە پیشانی جیهانی دەدەن کە چارەنووسیان یەکە و وەکو یەکە و روانگەیان بۆ ئاییندە یەکە."
 
فەخرەدین ئاڵتوون: پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە خێرایی کۆتایی نایەت
 
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر،" پرۆسەیەک نییە لە ئەمڕۆوە تاوەکو سبەی بە خێرایی کۆتایی بێت.
 
فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 سەبارەت بە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە رایگەیاند، "بێگومان پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، وەکو چۆن پرۆسەیەکی کورتخایەن و سەرپێیی نییە کە لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ پەرەی سەندبێت، بە هەمان شێوە پرۆسەیەک نییە کە لە ئەمڕۆوە تاوەکو سبەینێ زۆر بە خێرایی کۆتایی بێت."
 
گوتیشی، "دەوڵەتی کۆماری تورکیا بە هەموو زانیاری و توانایەک و ئەزموونێکییەوە بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ دامەزراندنی ژینگەیەکی ئارام کە تیایدا تورکیا جوانەکەمان و گەلەکەمان بەدوور بن لە تیرۆر و توندوتیژی و ئاژاوە؛ ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری باڵادەست بێت."
 
ئاڵتوون دەڵێت، "ئاشکراکردنی بڕیاری چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز، نیشانەیەکی روونی ئەوەیە کە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە بە سەرۆکایەتی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارمان بەڕێوەدەچێت، بەهێزەوە قۆناغێکی گرنگی بڕیوە. تورکیا لە کۆتایی پرۆسەی زیاتر لە 40 ساڵدا باج و ئازاری جۆراوجۆری داوە و لە هەمووی گرنگتر رۆڵەکانی خۆی لە پێناو نیشتماندا شەهید کردووە. یادی هەموو شەهیدە بەڕێزەکانمان بە رێز و منەتەوە دەکەینەوە کە خاوەنی گەورەترین پشکی بێ هاوتا بوون لە گەیشتن بە ئەمڕۆ."
 
ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بە شێوەیەکی تەندروست و رێکوپێک بەڕێوەبچێت، رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر و هەموو هەنگاوەکان بە هەستیاری و شەفافییەت و بە بڕیار و وردی دەهاوێژرێن.
 
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، دیوانی سەرۆکایەتیی 12ـەمین کۆنگرەی پەکەکە کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە فەرمی راگەیاند.
 
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزرا، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم رووبەڕووبوونەوەی چەکداری بەرامبەر سوپای تورکیا ئەنجامدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە