رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکانی تورکیا (دەبەپە) دەڵێت، پەکەکە "هەنگاوی زۆری" بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ناوە. ئاماژە بەوەش دەکات، باشترین شوێن بۆ قۆناخی ئێستای پرۆسەی چارەسەری، پەرلەمانی تورکیایە.
چیدەم کڵچگون ئوچار، هاوسەرۆکی دەبەپە شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) "هەنگاوی زۆری" بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ناوە؛ بۆیە "نابێت ئەو هەموو هەنگاوە نادیدە بگیرێن. دەبێت حکومەت نەخشەڕێگەیەکی بۆ ئەمە هەبێت."
هاوسەرۆکی دەبەپە گوتیشی، "گونجاوترین" شوێن بۆ بەرەوپێشبردنی قۆناخی ئێستای پرۆسەی چارەسەری بریتییە لە پەرلەمانی تورکیا و بە پێویستیشی زانی، پەرلەمان بە زوویی کار بۆ پێکهێنانی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری بکات.
ئوچار رایگەیاند، ئیدی پێویستە حکومەتی تورکیا و بەشێک لە پارتە سیاسییەکان و چین و توێژەکانی ئەو وڵاتە "تێڕوانینی نەرێنی"یان لەبارەی پرسی کورد بگۆڕن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "چارەسەرکردنی پرسی کورد واتە بنیاتنانی وڵاتێکی دیموکراسیتر."
پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) پارتێکی چەپە و لە 11ـی تەممووزی 2014 دامەزرا، لە دوایین هەڵبژاردنی 2023ـی پەرلەمانی تورکیادا سێ کورسی بەدەستهێنا. چیدەم کڵچگون ئوچار و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکانی پارتەکەن.
پێشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی، گرووپێکی گەریلای پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکەش یەکێک بوو لەو گەریلایانە.
چەکدانانی سیمبوولیی گرووپێکی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ