شاندی ئیمراڵی داوا دەکات لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە و سەرۆککۆماری تورکیاش دەڵێت قبووڵی دەکات

13-03-2025
فەردی ساک
وێنەیەکی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی
وێنەیەکی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتەکەی، پارتی داد و گەشەپێدان، دەرگەی پێشوازی لە شاندی دەم پارتی کردەوە.
 
ئەردۆغان گوتی، ئەگەر شاندی ئیمراڵی داوای دیداری لێ بکەن، قبوڵی دەکات. هاوکات بەرپرسانی دەم پارتی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا بە گرنگ دەزانن.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند: "شاندەکەمان دەبێت لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان دیدار بکات. بۆچی دیدار نەکات؟ لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەری وڵاتە. یەکێک لە لایەنە هەرە گرنگەکانی چارەسەرکردنی کێشەکەیە. دەبووایە پێشتریش کرابا و دەبێت هەمیشە بکرێت. ئێمە باسی کێشەیەکی 50 ساڵەی تورکیا دەکەین، ئێمە باسی کێشەیەکی زۆر گرنگ دەکەین کە تەنانەت کاریگەری لەسەر ئەو ئاوەش هەیە کە دەیخۆینەوە. کاتێک باسی ئەم کێشەیە دەکرێت، دەبێت بەڕێز سەرۆکۆماریش بەشدار بێت."
 
دوای قسەکانی ئەردۆغان، شاندی دەم پارتی داوای دیداری لە سەرۆککۆماری تورکیا کرد.
 
تۆلای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەوبارەیەوە رایگەیاند: "بەڵێ ئەمڕۆ داوای دیدار کرا، هێشتا هیچ وەڵامێک نەهاتووە. بەڵام پێمانوایە وەڵام دەدرێتەوە."
 
دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، شاندی ئیمراڵی دەستی بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ حیزبەکان کردووە، رۆژی چوارشەممە سەردانی پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ)، پارتی سەعادەت و پارتی ئایندەیان کرد.
 
ئەحمەد داوودئۆغلو، سەرۆکی پارتی داهاتوو لەبارەی کۆبوونەوەکان دەڵێت: "ئەو پرۆسەیەی کە بە لێدوانەکانی بەڕێز باخچەلی دەستی پێکردووە، کاتێک ئێمە و پارتەکەمان هەڵیدەسەنگێنین، وەکو دەرفەتێکی مێژوویی دەیبینین. ئێمە لەو باوەڕەداین هەموو هێڵە ئاڵۆزەکانی کورد، تورک، سوننە، عەلەوی، پارێزگار و عەلمانییەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاشتییانە، بە گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ یەکدی چارەسەر بکرێن. هیچ کێشە و بابەتێک نییە کە نەتوانین چارەسەری بکەین."
 
مەحموود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت لەوبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات کە "سەردەمێکی هەستیارە. سەردەمێکە کە ئێمە نزیک بووینەتەوە لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەی کە 50 ساڵە باسیان لێوە دەکرێت. لەبەر ئەوە دەبێت هەم لایەنە سیاسییەکان، هەم ریشسپی و هەم رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە لێدوانەکانیاندا وریا بن."
 
ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیا جەختدەکاتەوە کە "ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانی خۆمان لە دەم پارتی ساڵانی درێژ هەوڵمان دا لە پلاتفۆرمی جیاوازدا پێکەوە تێبکۆشین. بۆ دیموکراتیزەکردنی وڵات، ئازادی و ئاشتی. وەک کارێک بۆ بەردەوامبوونی ئەم میراتە مێژووییە، ئێمە ئەمڕۆش بەبێ مەرج لایەنگری ئاشتین."
 
بڕیارە رۆژی 17ی ئەم مانگە شاندەکەی ئیمراڵی سەردانی ئاکپارتی و مەهەپە بکات، بەڵام چاوەکان زیاتر لەسەر کۆبوونەوەی شاندەکە دەبن لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، کە تائێستا کاتەکەی دیاری نەکراوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە