رووداو دیجیتاڵ
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژانی 5 بۆ 7ی ئەم مانگە لە دوو شوێن کۆنگرەی 12ی بەست و دواتریش رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت. بەشێک لە میدیاکانی تورکیا، خوێندنەوە و لێکدانەوەی جیاواز بۆ بڕیارەکانی کۆنگرەکە دەکەن.
رۆژنامەی ئەڤرەنسەل: ئیدی حکومەتی تورکیا بیانووی نەماوە
رۆژنامەی ئەڤرەنسەل نووسیویەتی، "حکومەتی تورکیا بەدرێژایی 40 ساڵە، پرسی تیرۆر وەک بیانوویەک بۆ سیاسەتی نکۆڵیکردن و دانانی قەدەخە لە بەرامبەر بە کورد بەکاردەهێنێت. ئێستاش کە پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە، دەبێت حکومەت هەنگاوی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بگرێتەبەر."
بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەکە، پەکەکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری هەندێک پێویستی نووسیون، وەک، ''بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن ئۆجەلان، داننان بە مافی سیاسەتی دیموکراسی، دەستەبەرکردنی دڵنیایی یاسایی تەواو''.
رۆژنامەکە بۆ بەجێگەیاندنی ئەمانەیش، پەرلەمانی وەک ناوەندی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری نیشانداوە. باس لەوەش دەکات، دەبێت حکومەت و هەموو پارتە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن.
رۆژنامەی تەقویم: پەکەکە لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگدا چەک دادەنێت
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی تەقویم، پارتی کرێکارانی کوردستان لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگ، چەک دادەنێت. دەشڵێت، سێ بۆ چوار شوێن لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراون، بۆ ئەوەی پەکەکە چەکەکانی لێ دابنێت.
بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەکە، نزیکەی سێ هەزار و 500 ئەندامی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان هەن و 100یان بەرپرسی باڵان. ئەوانە دەکرێن بە دوو گرووپ. نزیکەی دوو هەزاریان بەڵگەی تاوانیان لەسەر نییە، بۆیە چاوەڕێدەکرێت ئەوانە بگەڕێندرێنەوە بۆ تورکیا و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەژێر پرۆسەیەکی یاساییدا بهێڵدرێنەوە و پاشان رێگە بدرێت بڕۆنەوە نێو کۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەرببەن.
ئەو رۆژنامەیە باس لەوەش دەکات، بەرپرسە باڵاکانی تورکیا بۆ باشووری ئەفریقیا یان بۆ بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا دەنێردرێن. بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، بەڵام رێگەنادرێت هیچ بەرپرسێکی باڵای پەکەکە بچێتە سووریا و لەوێ نیشتەجێ بێت.
رۆژنامەی تورکیا: چەکەکان رادەستی چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان دەکرێن
رۆژنامەی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە سێ رێگە هەیە؛ یەکەمیان: لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت. دووەمیان: لە ژێر چاودێریی هەرێمی کوردستان و تورکیا پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت. سێیەمیشیان ئەوەیە، شاندێک بە چاودێریی تورکیا، ئەمریکا، وڵاتانی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق پێکدەهێنرێن.
بەگوێرەی هەواڵی ئەو رۆژنامەیە، چاوەرێ دەکرێت چەکەکان رادەستی چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان بکرێن. ئاماژە بەوەش دەکات، چاوەڕوان دەکرێت، پرۆسەی چەکدانان لە مانگی حوزەیران دەستپێبکات و سێ بۆ چوار مانگ بخایەنێت.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە سلێمانی و هەولێر دوو لیژنەی جیاواز بۆ پرۆسەی چەکدادان پێکدەهێنرێت، حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان و دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا بە هاوبەشی ئەو لیژنانە بەڕێوەدەبەن.
سۆزجو: چەکەکان رادەستی سوپای تورکیا ناکرێن
لە هەواڵێکی رۆژنامەی سۆزجودا هاتووە، پارتی کرێکارانی کوردستان و حکومەتی تورکیا لە پرۆسەی چەکداناندا متمانەیان بە یەکدی نییە. دەشڵێت، ئەگەر پەکەکەش نیازی دانانی چەکی هەبێت، چەکەکان رادەستی سوپای تورکیا ناکات. هەروەها ئەگەر بڕیاری چەکدانانیش جێبەجێبکرێت، هەموو ئەندامانی پەکەکە چەک دانانێن.
یەنی شەفەق: بەدرێژایی پرۆسەی چەکدانان، سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی یەنی شەفەق، لە ئەگەری سەرخستنی پرۆسەی چارەسەریشدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ئازاد ناکرێت و هەر لە گرتووخانەی ئیمراڵی دەمێنێتەوە. تەنیا ئەگەری ئەوە هەیە، هەلومەرجی گرتووخانەی بۆ بگۆڕدرێت.
بە گوێرەی رۆژنامەکە ئەگەر پرۆسەی چەکدانان بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگات، دەکرێت هەندێک هەنگاو لەبارەی زیندانییانی سیاسی بنرێن.
ئەو رۆژنامەیە باس لەوەش دەکات، بەدرێژایی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، سوپای تورکیا هەر لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە ''چالاکییەکانی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور بەردەوام دەبن''.
یەنی ئاکیت: ئەندامانی پەکەکە دەنێردرێنە ئەمریکا و رووسیا
رۆژنامەی یەنی ئاکیتیش باسی بڕیارەکەکەی پەکەکەی کردووە و نووسیویەتی: "دوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، ئەندامانی رێکخراوەکە دەنێردرێنە ئەمریکا و رووسیا و لەوێ نیشتەجێ دەکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ