رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، پرسی کورد لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتی چارەسەرکراوە، ئاماژە بەوەش دەکات، لە پرۆسەی چارەسەریدا بە 'قۆناخێکی مێژوویی' گەیشتوون.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا شەوی دووشەممە، 14ی تەممووزی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، چەکدانانی سیمبوولیی 30 گەریلاکەی پەکەکەی بە قۆناخێکی ''مێژوویی'' لە پرۆسەی چارەسەریدا وەسف کرد و گوتی، لە سایەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان بەو قۆناخەی ئێستا پرۆسەکە گەیشتوون.
پێشتر عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە 9ـی تەممووزی 2025، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاندبوو، سوپا و دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی وڵاتەکەی (میت) ''میکانیزمی دڵنیابوونەوە''یان بۆ چاودێریکردنی ''پرۆسەی چەکدانانی'' پەکەکەیان داناوە.
تونچ ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە ساڵی 2002ـەوە دەسەڵاتی تورکیای گرتە دەست، کاری زۆریان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کردووە و ''پرسەکە لە ماوەی دەسەڵاتی ئەوان چارەسەرکراوە''. گوتیشی، ''لەوانە؛ زمانی کوردی وەک وانەی بژارە، مافی بەرگریکردن بە زمانی خۆیان لە دادگە، تەلەڤیزیۆن بە زمانی کوردی''.
وەزیری دادی تورکیا رەتیکردەوە هەوڵی هاوپەیمانی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) بۆ گۆڕینی دەستووری ئێستای وڵاتەکەیان پەیوەندی بە پرۆسەی چارەسەرییەوە هەبێت، گوتیشی: ''ئەو کاروچالاکییانەی بۆ دەستوور و پرۆسەی چارەسەری دەکرێن، لەیەکدی جیاوازن''
ئەو گوتانەی وەزیری دادی تورکیا لەکاتێکدان، هەینیی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە، یەکێک بوو لەوان و یەکەم کەس چەکەکەی سووتاند.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ