رووداو دیجیتاڵ
لە چوار رۆژی رابردوودا 38 کەس لە ئیستەنبووڵ بەهۆی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی فەرمیی تورکیا رۆژی هەینی، 17ی کانوونی دووەمی 2025 بڵاویکردەوە، لە چوار رۆژی رابردوودا 92 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
وێڕای هەوڵی پزیشکان و وەرگرتنی چارەسەر، لەو ژمارەیە 38 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەر لەو ژمارەیە، 8 کەس چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە نەماون، 46 کەسەکەی دیکە چارەسەر وەردەگرن.
تیمەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر چەند ناوچەیەک کردووە کە گومان دەکرا بەشێک لە کحولە ساختەکانی تێدا فرۆشرابن.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 8 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە کحولی ساختە دەستگیر کران.
داوود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ، رۆژی چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، مۆڵەتی فرۆشتنیان لە 63 فرۆشگەی کحول وەرگرتووەتەوە و دایانخستوون.
رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2024، پارێزگای ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بە مەبەستی رێگری لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحولی ساختە، بڕیاردرا لە هەموو فرۆشگەکان سیستمی کامێرای چاودێریی 24 کاژێری دابنرێت.
بەگوێرەی ئامارێکی پارێزگەی ئیستەنبووڵ، پار لەو پارێزگەیە 48 کەس بە هۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ