یاریدەدەری ئەردۆغان لەبارەی سری سورەییا ئۆندەر: رۆڵی لە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر هەبووە

17-04-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، پرۆسەی چارەسەری بەخێرایی بەڕێوەدەچێت. لەبارەی سری سورەییا ئۆندەریش ئاماژە بەوە دەکات، ''رۆڵی لە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر هەبووە''.
 
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە، 17ـی نیسانی 2025 لە گوتارێکیدا لە بەردەم نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگەیڵ لە ئیستەنبووڵ، کە سری سورەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای تێدا خەوێندراوە، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواست و گوتی، ''لەڕێگەی هەڵوێستەکانیەوە رۆڵی لە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆردا گێڕاوە''.
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەشکرد، ''ئەم پرۆسەیە لەوە زەحمەتترە لەچوارچێوەی تاکەکەسی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو دەبێت، لەڕێگەی ویستێکی بەهێزی سیاسییەوە بەرەوپێشەوە ببرێت''.
 
ئەو گوتانەی یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتێکدان، شەوی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025 سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا تەندروستیی تێکچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە. بە گوتەی دکتۆرەکان، شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و ئێستاش لەژێر چاودێریی چڕدایە.
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا پێیوایە، پرۆسەی چارەسەری ''بەخێرایی'' بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ''دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان لەبارەی پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر لە کارەکانیان بەردەوامن، نابێت ئەم پرۆسەیە بە هیچ شێوەیەک پەکبخرێت''.
 
پرۆسەی ئەمجارەی چارەسەری لە تورکیا
 
یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەوە لەلایەن دەم پارتی بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" و لەلایەن حکومەتی تورکیاشەوە بە "کۆتاییهێنان بە تیرۆر" ناوی دەبرێت.
 
لەو چوارچێوەیەدا شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، سێ جار سەردانی ئیمراڵیی کرد و لە زاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەوە پەیامی بە رای گشتی راگەیاند. 
 
شاندەکە رۆژی 27ـی شوباتی ئەم ساڵ پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە رای گشتی راگەیاند، کە تێیدا داوای لە پەکەکە کرد، "کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت."
 
پەکەکە دوای دوو رۆژ لە پەیامەکە رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان خۆی بەشداری لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی پەیامەکەی دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە