رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) داوا دەکات، لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت. سەبارەت بە بڕیارەکانی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەٍش دەڵێت: ''چووینە قۆناخێکی هەستیار''.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکشەممە، 18ی ئایاری 2025 لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ''بە راگەیاندنی بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی پەکەکە، چووینەتە قۆناخێکی هەستیار؛ قۆناخێک پێویستی بە پشوودرێژییە''.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا پاڵپشتی لە پرۆسەی چارەسەری بکەن و خۆیان لە بەکارهێنانی ''زمانێکی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە'' بەدووربگرن کە بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی پێی وایە، وڵاتەکەی هەمیشە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خۆی کردووە؛ جەختی لەوەش کردەوە: ''تورکیا هەرگیز هەوڵی بۆ دانوستاندن و ئاگربەست لەگەڵ تیرۆریزم نەداوە و ناشیدات''.
باخچەلی باسی لەوەش کرد: ''بەرقەرارکردنی ئاشتی و بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ، قەرزی وەفای ئێمەیە بۆ مێژوو، باووپابیران و نەوەکانی ئاییندەمان. کۆماری تورکیا ئەم قەرزە دەداتەوە و بەڵای تیرۆری جوداخواز لە رۆژەڤی خۆی دەسڕێتەوە''.
باخچەلی جەختی لەوە کردەوە، باشترین بژاردە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ئەوەیە، لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بە بەشداری و پاڵپشتیی هەموو پارتە سیاسییەکان پێکبهێندرێت.
سەرۆکی مەهەپە پێشنیازی بۆ نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد، دەستپێشخەری بکات بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە ناوی ''ستراتیژیی سەت ساڵەی تورکیای بێ تیرۆر؛ لیژنەی یەکدەنگی و یەکێتیی نەتەوەیی''.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ