رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ بووژانەوەی وڵاتەکە دەبینێت و دەڵێت، "بەردەوامبوونی ئەو سزایانە دەبووە هۆی رێگریکردن لە بووژانەوەی سووریا."
کایا کاڵاس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رۆژی سێشەممە 20ی ئایاری 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئەمڕۆ بڕیارمان دا سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا هەڵبگرین. دەمانەوێت یارمەتیی گەلی سووریا بدەین بۆئەوەی سووریایەکی نوێ و ئاشتیخواز بنیاد بنێنەوە."
جەودەوت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئەو بڕیارانەی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دراون، هەنگاوی ئەرێنین."
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەشڵێت، بەردەوامبوونی ئەو سزایانە "دەبووە هۆی سزادانی زیاتری گەلی سووریا و رێگریکردن لە ئاوەدانکردنەوە و بووژانەوەی."
یڵماز داوای کرد "هەنگاوی هاوشێوەی ئەوە، بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی حکومەتی نەتەنیاهوویش بۆسەر غەززە بنرێت. دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی خۆی بۆ ئەو مەبەستە بەجێبگەیێنێت. ئەگەر ئەمانە نەکرێن، با کەس باسی مافی سەرەتایی مرۆڤ و مافی مرۆیی نێودەوڵەتی نەکات."
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد، "وەکو کۆماری تورکیا، لە داکۆکیکردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی گەلی سووریا و دۆخی رەوای گەلی فەلەستین بەردەوام دەبین."
لەدوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2011ی سووریا و دواتریش دروستبوونی شەڕی نێوخۆ لەو وڵاتە، یەکێتیی ئەورووپا زنجیرەیەک سزای بەسەر دەسەڵاتی ئەسەددا سەپاند.
یەکێتیی ئەورووپا هەموو مامەڵەیەکی لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد راگرت، بەڵام دابینکەرێکی سەرەکی یارمەتی مرۆیی بوو بۆ ئاوارە سووریاییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ