وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: لە قۆناخێکی مێژووییداین

24-05-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، ئەو قۆناخەی ئێستا لە وڵاتەکەی دەستی پێکراوە "قۆناخێکی مێژووییە"؛ باس لەوەش دەکات، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە چەند ساڵی رابردوودا کاریگەر بوون. 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە گوتەیەکدا لە ئازەربایجان بڕیارەکانی پەکەکەی لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بە ''قۆناخێکی مێژوویی'' ناوبرد؛ باسی لەوەش کرد، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە چەند ساڵی رابردوودا سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان ئەنجامیداون، کاریگەر بوون.
 
سوپای تورکیا لە رۆژی 18ـی نیسانی 2022 ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "چنگ- قوفڵ"ـی لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا هەروەها گوتی: ''لەپێناو سەقامگیری و یەکدەنگیی وڵاتەکەمان، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان لەنزیکەوە چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەن''.
 
ئەو گوتەیەی یەرلیکایا لەکاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە، 17ـی ئایاری 2025، لەکاتی گەڕانەوەی لە ئەلبانیا، لەنێو فڕۆکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێریی ''خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی رێکخراوەکە (پەکەکە)'' دەکەن.
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: ''سەبارەت بە چۆنیەتی رادەستکردنی چەکەکان، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دراوسێکانمان گفتوگۆ دەکرێت. هەندێک پلان هەیە سەبارەت بەوەی حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر چۆن رۆڵیان لەم پرۆسەیەدا [چەکدانان] دەبێت''.
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
 
بۆ ئەو مەبەستە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی لە گرتووخانەی ئیمراڵی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کردبوو، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.