شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و ئۆجەلان کۆبوونەوە

25-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندی ئیمراڵی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆتاییهات. چاوەڕوان دەکرێت پارتەکە راگەیێندراوێکی نووسراو لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوبکاتەوە.
 
شاندەکەی ئیمراڵی لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا؛ میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتبوو.
 
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، چاوەڕوان دەکرێت پارتەکە راگەیێندراوێکی نووسراو لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوبکاتەوە.
 
لەدوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری لە تورکیا، ئەمە حەوتەمین سەردانی شاندی ئیمراڵی بوو بۆلای ئۆجەلان؛ هاوکات دووەمین سەردانی شاندەکە بوو دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پەکەکەوە.
 
ئەو کۆبوونەوەیەی شاندەکە و ئۆجەلان لە کاتێکدایە، سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رۆژی 22ی ئەم مانگە رایگەیاند، "دوای سەردانی شاندی ئیمرالی، ئێمەش دەمانەوێت لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆک و شاندێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەمان، سەردانی ئیمرالی بکەین."
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە