یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دەڤا: با بە جۆرێک پرۆسەی چارەسەری بەڕێوەببەین دواتر پەشیمان نەبینەوە

25-08-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دەڤای تورکیا کە هاوکات ئەندامی لیژنەکەی پەرلەمانە بۆ پرۆسەی چارەسەری، دەڵێت: ''با بە جۆرێک پرۆسەکە بەڕێوەببەین، دوایی پەشیمان نەبینەوە''.

محەممەد ئەمین ئەکمەن، یاریدەدەری عەلی باباجان لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی، دەبێت حکومەتی تورکیا کاری زیاتر بۆ بەدیموکراسیبوونی وڵاتەکە بکات. ئاماژەی بەوەش کرد: ''نەوەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ تەواوی گەلانی وڵات داوای بەهێزکردنی ژێرخانی دیموکراسی دەکەین''. 
 
ئەکمەن لە ئەگەری هەنگاونەنانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری گوتی: ''ئەو کاتە چی روودەدات؟ بچین بە پەکەکە بڵێین، 'ئەم پرۆسەیە سەرناگرێ و ئێوە لە شەڕ بەردەوام بن؟' ئەمە بەرپرسیارێتییە مێژووییەکەی ئێمە بوو؟ ئێمە دەبێ هاوکار بین بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی؛ دەبێ بۆ چارەسەریش خەبات بکەین''.
 
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دەڤا جەختی لەوە کردەوە، ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیایە پاڵپشتی لە سەرخستنی پرۆسەکە بکەن؛ گوتیشی: ''با بەجۆرێک پرۆسەکە بەڕێوەببەین، دوایی پەشیمان نەبینەوە''.
 
1ـی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێ، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5ـ-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداش لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان سووتاند.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە