رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "نابێت گەلەکەمان نیگەران بێت، چونکە دەوڵەت ناکەوێتەوە تەڵەوە و لایەنی بەرامبەریش ناخاتە تەڵەوە."
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری بە خێرایی بەڕێوەدەچێت. گوتیشی، "نابێت گەلەکەمان لەمبارەیەوە نیگەران بێت، چونکە دەوڵەت لەمەدا ناکەوێتەوە تەڵەوە و لایەنی بەرامبەریش ناخاتە تەڵەوە. ئێمە لەگەڵ خۆمان و لایەنی بەرامبەریش راستگۆین. هەر چییەک بڵێین، هەوڵ دەدەین جێبەجێی بکەین. چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە، هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێمە نەمێنێت."
فیدان گوتیشی، بە تەنیا خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە "مانای ئەوە ناگەیێنێت کە پێکهاتەکانی دیکەشی ئیدی نابنە سەرچاوەی هەڕەشە. بۆیە پێویستە ببینین کە ئەوانە نابنە هەڕەشە بۆ سەر ئێمە. نموونە لە سووریا و ئێرانیش پێکهاتەی چەکداری هەن، ئایا چەند لەو چەکانە (چەکەکانی پەکەکە) بۆ ئەوێ دەنێردرێن؟ ئەندامانی ئەوێ تاوەکو کەی و لە چ هەلومەرجێکدا لەوێ بەردەوام دەبن؟ ئەم بابەتانە پێویستە قۆناخ بە قۆناخ گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێ و چاودێری بکرێن."
وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، هیوادارن ئەو پرۆسەیە "ببێتە دەستپێک بۆئەوەی وەچەرخانێکی سیاسی و دوور لە تووندوتیژی لە رێکخراوەکە (پەکەکە) بێتەکایەوە."
هاکان فیدان جەختی لەوەش کردووەتەوە، دەیانەوێت شەڕی چەند دەیەی پەکەکە و سوپای وڵاتەکەیان کۆتایی بێت و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە بەرقەرار بێت.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ