رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەستووری وڵاتەکەی بە ''دەستووری کودەتاچییەکان'' ناوبرد و دەڵێت، تورکیا شایەنی دەستوورێکی دیموکراسییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە پێناو تورکیایەکی بەهێزتر، پێویستە پرۆسەی چارەسەری سەربخرێت.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی هەینی، 27ی حوزەیرانی 2025 لە گوتارێکیدا لە مەڵەتی باکووری کوردستان، رەخنەی لە دەستووری ئێستای وڵاتەکەی گرت و گوتی: ''هێشتا بە دەستووری کودەتاچییەکانەوە بەڕێوەدەچین. تورکیا شایەنی ئەمە نییە''.
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، هەوڵ بۆ گۆڕینی دەستووری وڵاتەکەیان دەدەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد: ''تورکیا شیاوی دەستوورێکی سڤیل، گشتگیر و دیموکراسییە؛ دەستوورێک لەلایەن ئەو کەسانەوە بنووسرێتەوە کە گەل هەڵیبژاردوون''.
دەستووری تورکیا لە ساڵی 1982، دوای کودەتاکەی 12ی ئەیلوولی 1980 هەموار کرایەوە. پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەستوورەکە بە بەرهەمی کودەتا ناودەبات و دەڵێت، دەبێت بگۆڕدرێت.
تونچ بەشێکی قسەکانی تایبەت کرد بە پرۆسەی چارەسەری و گوتی، لە پێناو تورکیایەکی بەهێزتر و سەقامگیرتر، پێویستە پرۆسەکە سەربخرێت و لە پەرلەمان کاری بۆ بکرێت.
1ی تشرینی یەکەمی پار، بە دەستپێشخەریی دەسەڵاتی تورکیا دەست بە پرۆسەی چارەسەری کرا. پرۆسەکە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە، پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە. ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی مانگی ئایار، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ