رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی دەڵێت، سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری، سەرکەوتنی تورکیایە. ئاماژە بەوەش دەکات، کەمینەیەک هەن دژی پرۆسەکە دەوەستنەوە و پێیانوایە، تورکیا دابەش دەکات.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی یەکشەممە 27ی تەممووزی 2025 لە گوتارێکیدا لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە ئەستۆی هەموو پارتە سیاسییەکانە، "ئەگەر بتوانین ئەم پرۆسەیە بنیاد بنێین، تورکیا دەیباتەوە، هەموومان دەیبەینەوە، دیموکراسی دەیباتەوە."
باکرهان رایگەیاند، کەمینەیەک هەن لە تورکیا دژی پرۆسەکە دەوەستنەوە و پێیانوایە ئەو پرۆسەیە وڵات دابەش دەکات، "نازانم ئاشتی لە چ وڵاتێکدا بووەتە هۆی دابەشبوون؛ بەڵام رەگەزپەرستی، جۆرە بەڵا و نەخۆشییەکە، بووەتە هۆی دروستبوونی تێڕوانینێکی وەها کە پێیوایە گفتگوگۆکردن لەبارەی ئاشتی، وڵات دابەش دەکات."
ئەو گوتەیەی باکرهان لە کاتێکدایە، ئیی پارتی و پارتی زافەر لە سەرەتاوە دژی پرۆسەی چارەسەری بوون.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵدان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، لەپێناوی بەرژەوەندیی پارتێکی سیاسی نییە، "بە پێچەوانەوە، هەوڵێکی شکۆمەندانەیە. هەوڵی شکۆمەندانەش، هاوکات قەرزی ئێمەیە لە بەرامبەر 86 ملیۆن کەس."
باکرهان هەوڵەکانی کۆچکردوو، سری سورەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری پێشووی دەم پارتی و بریکاری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای لە پرۆسەکەدا "بەرز" نرخاند و ئاماژەی بەوە کرد، "لەپێناو ئەو خەباتەدا گیانی سپارد."
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ