وردەکاریی مەشقە سەربازییەکانی سۆن.. بەشداری لە مەشقی ئەتۆمیدا دەکات

08-04-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سۆن
A+ A-

رووداو - هەولێر

سۆنگ هیۆنگ مین، یاریزانی نێودەوڵەتی کۆریا باشوور، ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی خزمەتی وەرزشی لە وڵاتەکەی، لە پێویستە وەک هەر سەربازێکی کۆری بەشداری لە قورسترین مەشقە سەربازییەکاندا بکات.

یاریزانی یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، وەک هاووڵاتییەکی کۆری پێویست بوو 21 مانگ خزمەتی سەربازی بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2018 نازناوی جامی لاوانی ئاسیای بۆ وڵاتەکەی بردووەتەوە، خزمەتە سەربازییەکەی بۆ 4 هەفتە کەمکردەوە، کە بەپێی یاساکانی کۆریای باشوور، هەر وەرزشوانێک نازناوێک یان مەدالیایەکی نێودەوڵەتی بباتەوە، لە خزمەتی سەربازی دەبەخشرێت.

سۆن کە ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی، بە دەرفەتی زانی 4 هەفتە خزمەتی سەربازی ئەنجام بدات.

راستە سۆن لە 18 مانگ خزمەتی سەربازی بەخشراوە، بەڵام لەو 4 هەفتەیەدا کە خزمەتەکە دەکات، هیچ ئاسانکارییەکی بۆ ناکرێت و پێویستە وەک هەر سەربازێکی کۆری بەشداری لە هەموو مەشقە قورسەکاندا بکات.

رۆژنامەی میرەری بەریتانی، وردەکاریی مەشقە سەربازییەکانی سۆن ئاشکرا دەکات و دەڵێت "سۆن بەشداری لە مەشقەکانی تەقەکردندا دەکات و پێویستە رۆژانە ماوەی 30 کیلۆمەتر بە هەڵگرتن و لەکۆڵکردنی پێداویستییە سەربازییەکانییەوە رابکات، کە هەر سەربازێکی کۆری 40 کیلۆگرام پێداویستی پێیە".

سۆن رۆژی 20ی ئەم مانگە دەست بە خزمەتی سەربازی دەکات، لەگەڵ هێزێکی دەریایی لە دوورگەی جیجی لە باشووری وڵاتەکەی.

وەک میرەر باسی دەکات، ئەو مەشقانەی پێویستە سۆن بەشدارییان تێدا بکات، بریتین لە فێربوونی پابەندی، مەشقە کیمیایی و بایۆلۆجییەکان و تیشک و ئەتۆمی، هەروەها پێویستە سۆن بەرگەی گازی فرمێسک رێژ بگرێت لە ژووری گازدا.

بەرپرسێکی سەربازی کۆری، دەڵێت "تۆ کە بوویتە سەرباز لە سوپای کۆریا، پێویستە بتوانی لە ژووری گازدا هەناسە بدەی و بەشداری لە هەر جەنگێکدا بکات، پێویستە لەسەر سینگ بخشی و بتوانی تەفەنگ هەڵبگری و تەقە بکەی".

یاریزانی کۆری پێویستە دوای تەواوبوونی ئەرکە سەربازییەکەی بگەڕێتەوە لەندەن و پەیوەندی بە یانەکەیەوە بکات، کە ئەوکاتیش پێویستە 14 رۆژ کەرەنتینە بکرێت، بەو پێیەی لە وڵاتێکی دیکەوە گەڕاوەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە