رووداو دیجیتاڵ
پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ لە ئیسپانیایە و دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەند بدات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئاتلێتیک بیلباوی ئیسپانی یاری دەکات.
یانەی پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، شەوی سێشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لەسەر چیمەنی یاریگەی سان مامێس ئەنجامدا و تیپەکە بۆ یارییەکی سەرنجڕاکێشی گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگ ئامادەیە و دەیەوێت رکابەری بیلباو بکات بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە.
لە یارییەکەدا عوسمان دێمبێلێ و لوکاس چاڤلیێی گۆڵپارێزی یانە فەرەنسییەکە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، دێمبێلێ نەخۆشە و چاڤلیێش بەتەواوی لە پێکانەکەی چاکنەبووەتەوە.
جگە لەو دوو یاریزانە ئەشرەف حەکیمی پێکانی هەیە و بەشداری لەم یارییەدا ناکات، ئەو رکابەری دەکات بۆ ئەوەی بۆ جامی ئەفریقا ئامادەبێت کە یارییەکانی لە مەغریب بەڕێوەدەچن، بەڵام دێزری دوێ گەڕاوەتەوە نێو مەشقەکانی پاریس و بۆ یارییەکە ئامادەیە.
ئەمە یەکەمجارە هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و ئاتلێتیک بیلباو لە چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، پێشتر لە یۆرۆپالیگدا دوو یارییان کردووە، هەریەکەیان یارییەکیان بردووەتەوە.
یانەی ئاتلێتیک بیلباو، لەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، سێ یاریی دۆڕاندووە، لە یارییەکدا یەکسانبووە و یارییەکی بردووەتەوە، تیپەکە بە دۆڕان لە یارییەکەدا زیاتر لە رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پلەی ئۆف دووردەکەوێتەوە، بۆیە تیپەکە چاوی لەوەیە لە یاریگەی خۆیدا بردنەوە تۆماربکات و ژمارەی خاڵەکانی بەرزبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ